رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پڕۆسەی چارەسەری وەکو سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت ناوبرد و رایگەیاند، چۆڵکردنی چەند ناوچەیەک و پڕۆسەی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەیان هەنگاوێکی گرنگە و هەر قۆناخێک تێدەپەڕێنرێت پرۆسەکە لە ئامانجەکە نزیکتریان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی دۆخی سیاسیی ناوخۆ، پەیوەندیی نێوان تورک و کورد، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی مەیدانیی چەکدانان لە پرۆسەی چارەسەری کرد.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، مەبەستیان لە پرۆسەی چارەسەری بەهێزکردنی ئاشتی و برایەتیی ناوخۆییە و بە گوتەی ئەو، پێشهاتەکانی ئەم دواییە پیشانیان داوە کە تووندوتیژییەکانی رابردوو خزمەتی ئیمپریالیزمی کردووە.
باخچەلی جەختی کردەوە نەخشەڕێگەی پرۆسەکە لە چوارچێوەی یاسا، رەوشت و سیاسەتی دیموکراسیدا بە نیازپاکییەوە جێبەجێ دەکەن و پشتیوانی لە سازان، یەکگرتن و ئاشتی دەکەن نەک پێکدادان و دابەشکاری.
سەبارەت بە رەهەندە هەرێمییەکانی پڕۆسەکە، باخچەلی رایگەیاند رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ مەترسیدا تێدەپەڕێت و بانگەشەی ئەوەی کرد تەنیا کۆماری تورکیا توانای هەیە بە ئەزموون و نەریتی دەوڵەتدارییەوە سیستەم لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت. روونیشیکردەوە یەکەم ئامانجی پرۆسەی چارەسەری پتەوکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکێتیی نیشتمانییە، و دووەمیش بنیاتنانی ناوچەی بێ تیرۆرە.
باخچەلی هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتە مەیدانییەکان و چۆڵکردنی پەناگەکانی پەکەکە کرد و ئاماژەی بە گرنگیی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەیان کرد و گوتی: "چۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لەلایەن رێکخراوەکەوە لە ناوچەکەدا و دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەیان، لە رووی بەستنەوەی داهاتوو بە بنەمایەکی تەندروستەوە هەنگاوێکی گرنگە."
سەرۆکی مەهەپە لەمبارەیەوە گوتیشی: "هەر قۆناخێک تێدەپەڕێنرێت وا دەکات زیاتر لە ئامانجەکە نزیک ببینەوە و نیشانەکانی داهاتوویەکی پڕ لە هیوا بۆ هەموو ناوچەکە رۆژ بە رۆژ روونتر دەبنەوە."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، باخچەلی پەیامێکی لەبارەی پێکهاتەکانی تورکیاوە راگەیاند و گوتی: "نە تورک دوژمنی کوردە، نە عەلەویش دوژمنی سوننەیە، نابێت ببێت و ناشبێت. ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان پێکەوە گەلی تورکین."
ئەم گوتارەی سەرۆکی مەهەپە لە کاتێكدایە کە دوێنێ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026؛ سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا رایانگەیاندبوو کە پەکەکە 14 پەناگەی دیکەی لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان چۆڵ کردووە، لەپاڵ چوار پەناگەی ناوچەی مەتین لە 8ـی تشرینی یەکەم.



