رووداو دیجیتاڵ
گولستان کلچ کۆچیغیت، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند چاوەڕێ دەکەن لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیاری (پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن) دەربچێت و یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە خێرایی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات پێشبینیی کرد لە مانگی کانوونی یەکەمدا کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمان پێکبهێنرێت.
کۆچیغیت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری و کارەکانی کۆمیسیۆنی چاودێری کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێنرێ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا کە بڕیارە لە رۆژی 26 یان 27ـی تشرینی دووەم، کۆچیغیت گوتی: "داواکاری و چاوەڕوانیی خۆمان دەردەبڕین کە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا یاساکەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێویستە بەبێ دواکەوتنی زیاتر بە خێرایی بخرێتە کار. پێویستە بە خێرایی ئەم قۆناخی پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردنە تێپەڕێندرێت."
سەبارەت بە کاتی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمانیش، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا کە خشتەیەکی یەکلاکەرەوە نییە، بەڵام پێشبینی دەکەن لە مانگی کانوونی یەکەمدا کۆمیسیۆنەکە پێکبهێنرێت و دوای ماوەیەکی کورت پەیڕەوی ناوخۆ و شێوازی کارکردنی دیاری بکات و دەستبەکار بێت.
لەبارەی هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ کە رایگەیاندبوو ئەندام نادەنە کۆمیسیۆنەکە، کۆچیغیت گوتی: " ئاشتی پرسێکە لە سەرووی کەسەکان، پارتەکان و سیاسەتی رۆژانەیە. ئەم پڕۆسەیە بۆ بەرژەوەندیی کەسێک، پارتێک یان گرووپێک بەڕێوەنابەین. پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بۆ بەرژەوەندیی 86 ملیۆن کەسی تورکیا و 86 ملیۆن هاووڵاتی بەڕێوەدەبەین و بەردەوامیش دەبین."



