رووداو دیجیتاڵ
لەیلا زانا، خانمە سیاسەتڤانی کورد بە بۆنەی بەدەستهێنانی پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهانیی (دەبلیو بی سی) پیرۆزبایی لە عەگید کابایێل، یاریزانی بۆکسێنی کورد دەکات.
پیرۆزباییەکەی لەیلا زانا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-11-2026 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکرایەوە.
لەیلا زانا پەیامێکی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە هێز، ویست و ئەو سەرکەوتنانە داوە کە عەگید کابایێل بەدەستی هێناون.
زانا عەگیدی نووسیویەتی:"عەگید کابایێل بە هێز، ویست و سەرکەوتنەکەی بووەتە سەرچاوەی پایەبەرزی و خۆشحاڵی بۆ گەلەکەمان. سەرکەوتنەکەت پیرۆز بێت، پاڵەوانەکەمان".
درەنگی شەوی رابردوو 28-11-2026 عەگید کابایێل لەبەردەم زیاتر لە 53 هەزار هاندەر کە زۆربەیان کورد بوون و بە ئاڵای کوردستانەوە هانیان دەدا، توانی لە نیڵسن هیسا، یاریزانی بۆکسێنی ئەلبانی بباتەوە و پارێزگاری لە پشتێنی کێشی قورسی (دەبڵیو بی سی) بکات.
عەگید کابایێل بەو سەرکەوتنەی ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمار کرد بەوەی 28 یارییە نەدۆڕاوە.



