رووداو دیجیتاڵ
پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا، فەرەنسا سنوورەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە داخست و سەدان بارهەڵگر لەسەر سنوور مانەوە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 2020/12/23، جموجووڵی سنوور دەستیپێکردەوە و رێگەش درا بەریتانییە دانیشتووەکانی فەرەنسا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دا پشکنینی کۆرۆنا بۆ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا هاتووچۆ دەکەن، هەرکەسێکیش کە گەشت دەکات پێویستە پێشوەختە پشکنین بکات و پشکنینەکەی نەرێنی بێت. ئەو پشکنینەش نابێت 72 کاژێری بەسەردا تێپەڕ ببێت.
جگە لە جموجوڵی سنوور، گەشتی فڕۆکەش بە سنوورداری دەستیپێکردەوە، بەوەش بەریتانییەکانی ناو فەرەنسا دەتوانن بۆ جەژنی کریسمس و سەردانی خێزانەکانی خۆیان گەشت بۆ بەریتانیا بکەنەوە.
بەڵام گەشتکردن لە بەریتانیاوە بۆ 50 وڵاتی جیهان بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەخە کراوە و رێگە نادرێت کەس لە بەریتانیاوە گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 500 بارهەڵگر لە سنووری نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە دەوڤەر گیریان خواردبوو کە هەومویان کەلوپەلیان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ بەریتانیا دەگواستەوە، بەڵام دوای رێککەوتنەکەی نێوان فەرنسا و بەریتانیا بۆ کردنەوەی سنوورەکە، بارهەڵگرەکان دەستیان بە جموجووڵ کردەوە و بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتن.



