رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینییەکانی دانیشتووی لەندەن بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سوپای وڵاتەکەیان رۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکە خۆپێشاندان و گردبوونەوە دەکەن، لەو رێگەیەوە هاوکاریی داراییش بۆ وڵاتەکەیان کۆدەکەنەوە.
شەڕ و کوشتن لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایە، بەڵام ناڵە و گریان بۆ شەڕەکە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە. ئیما بلینک خوێندکارێکی ئۆکراینییە و لە لەندەن دەخوێنێت، ئەوە دەڵێت، "پێویستە لەسەر هەمووان پاڵپشتیی خۆیان دەرببڕن، چ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت، یاخود بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان، چەندین رێکخراوی خێرخوازیش لە ئۆکراینا هەن کە دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن."
ئۆکراینییەکان لەسەر دیواری باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن تووڕەیی و قسەی جیاجیا لەسەر فلادیمێر بوتینی سەرۆکی رووسیا دەنووسن و دروشمی تووند لە دژی دەنووسن.
ئەلبێرت هانتەر، خۆپێشاندەرێکی ئۆکراینییە و نیشتەجێی لەندەنە و دەڵێت، "پووتین داگیرکردنی ئۆکراینای بە شتێکی ئاسان زانی، سەربازە رووسەکان سەردەبڕدرێن، من ئەوەم ناوێت من ئاشتیم دەوێت، بەڵام پووتین دەستی بەم جەنگە کرد هەر خۆیشی دەبێت کۆتایی پێبهێنێت."
خۆپێشاندەران تاوەکو شەو بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتیی دەربڕین. ئەوان ئاڵای ئەو وڵاتانە بەرزدەکەنەوە کە پاڵپشتیی لە وڵاتەکەیان دەکەن، لەنێو ئەو خۆپێشاندەرانەدا خەڵکی وڵاتانی دیکەش بە ئاڵای وڵاتەکانیانەوە بەشدارن، ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە وڵاتەکانیان هاوشێوەی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە هێرشیان بکرێتە سەر.
ئانا، خوێندکارێکی خەڵکی جۆرجیایە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە دەترسین ئەوەی لە ئۆکراینا روویدا، لەوانەیە هەمانشت لە جۆرجیا رووبدات، بۆیە ئێمە هاتووینەتە ئێرە بۆ پشتگیریکردن لە ئۆکراینا لەم کاتە سەختانەدا."
هەندێک لە بەشداربووانی ئەو خۆپێشاندانانە بەریتانین و ئەوان داوا دەکەن حکومەتەکەیان مەرجی ڤیزا وەرگرتن لەسەر هاوڵاتییانی ئۆکراینا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی لەم کاتە سەختەدا بتوانن بە ئاسانی سەردانی بەریتانیا بکەن.
جاشوا لوین، کارمەندی کتێبخانەیەکە لە لەندەن و گوتی، "وەکو بەریتانییەک هەست دەکەم ئامادەبوونم لێرە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی حکومەتەکەی ئێمە زۆر خاوە لە مامەڵەکردن لە زۆر لایەنەوە، نەک تەنیا لەسەر ناکۆکییەکان تەنانەت لەسەر بابەتە بچووکەکان وەکو پێدانی ڤیزای بەریتانیا بە کۆچبەرە ئۆکرانییەکان."
لەو خۆپیشاندانانەدا نەک تەنیا دروشم بەرزدەکرێنەوە، بەڵکو ئامادەکارانی خۆپێشاندانەکان هاوکاریی داراییش بۆ خەڵکی ئۆکراینا کۆدەکەنەوە.