رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، گەرەنتی لە تاران وەرگرتووە کە چەکی ئەتۆمی دروست نەکات. هاوکات راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژەیەکی نوێی ئاشتی بە مەرجی "قورستر" بۆ ئێران ناردووە، ئەمەش رەنگە رێککەوتنی کۆتایی دوابخات.
مەرجەکانی ترەمپ و وەڵامی تاران
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیووز) رایگەیاند: "تاکە گەرەنتییەک کە دەبێت هەبێت ئەوەیە کە چەکی ئەتۆمی نەبێت. ئەوان لەسەر ئەوە رازی بوون و ئەوەش زۆر سەرنجڕاکێش بوو."
بەڵام تاران پێشتر زۆر قسەی بەرپرسانی ئەمریکای رەتکردوەتەوە. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی دەکات، بەرلەوەی بچێتە نێو دانوستاندنی جیدییەوە. هەروەها تاران قسەکانی پێشووی ترەمپی لەبارەی لەنێوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە "بێ بنەما" ناوبردووە.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینەکەیدا بە تۆنێکی ئارامتر قسەی کرد و گوتی: "من پەلەم نییە. بە لەسەرخۆیی بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەمان دەستدەکەوێ کە دەمانەوێ. ئەگەر دەستیشمان نەکەوێ، بە شێوازێکی دیکە کۆتایی پێ دەهێنین،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لێکدەدرێتەوە.
گرژییەکانی تەنگەی هورمز
لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، گرژییە مەیدانییەکان نەوەستاون. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە سوپای پاسداران درۆنێکی سەربازیی ئەمریکی خستووەتە خوارەوە کە ویستوویەتی بچێتە ئاسمانە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران، بەڵام واشنتن تاوەکو ئێستا ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، ترەمپ رایگەیاندبوو کە تاران رازی بووە "هیچ باجێک" لە کەشتییەکان وەرنەگرێ، بەڵام ئاژانسی "فارس" رایگەیاند کە هیچ بڕگەیەکی لەو شێوەیە لە دەقی رێککەوتنەکەدا نییە.
هاوکات عەلیرەزا سەلیمی، پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاند، بەم زووانە پەرلەمان یاسایەک بۆ چەسپاندنی سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەکەدا پەسند دەکات.
