رووداو دیجیتاڵ
تەنیا چوار رۆژ ماوە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لوپێن لە دیبەیتێکی دوو کاژێر و نیویدا چەندین تەوەری جیاوازی وەک؛ دۆخی دارایی، کۆچکردن و پەنابەران، باڵاپۆشی و ئیسلام، گۆڕانی کەشوهەوا و هەڵوێستیان بەرامبەر رووسیا، تاوتوێکرد.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا، هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2017، ئیمانوێل ماکرۆنی میانڕەو توانیی بەسەر رکابەرە سەرەکییەکەیدا واتە مارین لوپێنی راستڕەو سەربکەوێت.
لوپێن بەردەوام لەکاتی بانگەشەکردندا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، باڵاپۆشیی لە وڵاتەکەی قەدەخە دەکات. ئەو بەوە ناسراوە کە دژی ئیسلام و چوونی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکەی. لوپێن دەڵێت: "پێموایە سەرپۆش لەلایەن ئیسلامییەکانەوە سەپێنراوە، زۆربەی ئەو ژنانەی سەرپۆش لەسەر دەکەن، ناچارن و رێگەی دیکەیان نییە".
ماکرۆن لە وەڵامی ئەوەدا گوتی، بە قەدەخەکردنی سەرپۆش "شەڕی نێوخۆ هەڵدەگیرسێنیت". بە پرسیارێکی توانجئامێزیشەوە پێی گوت: "چەند پۆلیس دەبێت بەدوای ژنان بکەون و ناچاریان بکەن سەرپۆشەکانیان لابدەن؟".
لوپێن پێیوایە پەنابەران و کۆچبەران کێشەیەکی زۆریان بۆ فەرەنسا دروستکردووە، ئەو دەڵێت، بۆ هەر شوێنێک چووە، خەڵک پێیانگوتووە بێزارن لە کۆچبەر، "بۆیە پێویستە کێشەی کۆچی بەلێشاو و بێ چاودێری چارەسەر بکەین". هەروەها پێیوایە دەکرێت ئەو کێشەیە لە رێگەی گشتپرسییەوە چارەسەر بکرێت و پاشان لەسەر بنەمای گشتپرسییەکە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کێ لە وڵاتەکە دەمێنێتەوە و کێ دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵێت.
بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە، نرخی گاز و سووتەمەنی لە وڵاتە ئەوروپییەکان بەرزبووەتەوە، لە دیبەیتەکەشدا ئەو بابەتە بووە جێگەی مشتومڕی دوو بەربژێرەکە. لوپێن پێیوایە نابێت هاوردەکردنی گاز و نەوت لە رووسیاوە قەدەخەبکرێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت "لە راستیدا ئەوە هیچ زیانێک بە رووسیا ناگەیێنێت و زیانێکی گەورە لە خەڵکی ئێمە دەدات".
لە بەشێک لە راگەیاندنەکان بەردەوام رەخنەی ئەوە لوپێن دەگیرێت کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ رووسیا هەیە و قەرزی لە بانکێکی رووسی وەرگرتووە بۆ حیزبەکەی.
فەرەنسا لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوام پاڵپشتی ئۆکراینا دەکات و هاوکاری سەربازی بۆ دەنێرێت، بەڵام ماکرۆن لوپێن بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو لە رووسیاوە نزیکە و یەکێک بووە لەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە لە ساڵی 2014 پشتگیری رووسیای کردووە لە جیاکردنەوەی کریمیا لە ئۆکراینا.
یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی دیبەیتەکە پرسی پەیوەندیی فەرەنسا بوو لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا. لوپێن لەم چەند ساڵەدا بۆچوونی لەبارەی جێهێشتنی یەکێتیی ئەوروپا گۆڕاوە، بەڵام بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە پێگەی فەرەنسا لە نێو یەکێتییەکە بگۆڕێت.
مارین لوپێن دەڵێت، فەرەنسا سەرکەوتوو نەبووە لەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات لە نێو یەکێتیی ئەوروپا و ئەو رێگری دەکات لەو مامەڵە بازرگانییانەی کە دەبنەهۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەر و جووتیارە فەرەنسییەکان.
لە بەرامبەردا ئیمانوێل ماکرۆن پێیوایە بەشێک لە دەستکەوتەکانی فەرەنسا بەهۆی ئەندامێتییانە لە یەکێتیی ئەوروپا و گوتی، لە رێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە توانیویانە ڤاکسینی کۆرۆنا دەستەبەر بکەن و رووبەڕووی ئەو پەتایە ببنەوە.
دوای ئەو دیبەیتە ماوە درێژە، بەپێی راپرسییەک کە لە تەلەڤزیۆنی بی ئێف ئێم ئەنجامدراوە و 650 کەس بەشدارییان تێدا کردووە، 59%ـی بینەران دەنگیان بە ماکرۆن داوە و 39%ـیش دەنگیان بە لوپێن داوە.



