رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 5:00ـی ئێوارە بەکاتی پاریس [6:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر]، رێژەی دەنگدان 38.11% بووە، ئەوەش کەمترە لە رێژەی دەنگدانی گەڕی یەکەم کە لە 12ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و تێیدا 39.42%ـی تۆمار کردبوو.
رۆژی یەکشەممە 19ـی حوزەیرانی 2022 کاژێر 8:00ـی بەیانی بە کاتی پاریس [9:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر] بنکەکانی دەنگدان لە فەرەنسا کرانەوە بۆ ئەوەی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی فەرەنسا هەڵبژێرن. پڕۆسەی دەنگدان تاوەکو کاژێر 8:00ـی ئێوارە بە کاتی پاریس بەردەوام دەبێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەرەنسا کە لە ساڵی 2017دا ئەنجامدرا، رێژەی دەنگدان 35.33%ـی تۆمار کردبوو.
رێژەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2022 یەكێكە لە فاکتەرە گرنگە یەکلاکەرەوەکان کە سەرکەوتنی هاوپەیمانیی "نوپێس"ی چەپڕەو بە سەرۆکایەتی ژان لوک میلانشۆ بەسەر هاوپەیمانی "ئۆنسۆمبل" ماکرۆن-ی خاوەن زۆرینە مسۆگەر دەکات.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، لەکۆی 577 کورسی پەرلەمانیی "کۆمەڵەی نیشتمانیی"، هاوپەیمانییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکەدا لەنێوان 255 بۆ 305 کورسی بەدەستدەهێنێت. ئەوە لەکاتێکدایە، بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی رەها، هاوپەیمانێتییەکە پێویستی بە 289 کورسییە.
هەرچی هاوپەیمانیی نوپێسی چەپڕۆی ژان لوک میلانشۆیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی 140 بۆ 200 کورسی بن، ئەوەش دەیکاتە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا.
هەرچی پارتەکەی ماری لوپێنی راستڕەوە کە بە جیا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەرەنسادا بەشدارە، بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، لەنێوان 20 بۆ 45 کورسی بەدەستدەهێنێت. ئەگەر بێتو پارتەکە بتوانێت 15 کورسیش مسۆگەر بکات، پەرلەمانتارەکانی لوپێن دەتوانن فراکسیۆنێک لە پەرلەماندا دروستبکەن.



