رووداو دیجیتاڵ
دیاردەی ئێل نینۆ لەم ساڵدا ژمارە پێوانەییە مێژووییەکانی گەرمای زەریاکان تێکدەشکێنێت و دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین دیاردە تۆمارکراوەکان لەسەر ئاستی جیهان.
دیاردەی ئێل نینیۆ چییە؟
دیاردەی ئێل نینیۆ نەخشەیەکی سرووشتیی کەشوهەوایە کە لە نێوان 2 بۆ 7 ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە و بەگشتی نێوان 9 بۆ 12 مانگ دەخایەنێت. زانایان پێیان وایە کە ئەم دیاردەیە بۆ سەتان ملیۆن ساڵە کەشوهەوای زەوی دەگۆڕێ.
لە دۆخی ئاساییدا، بای زەریای هێمن ئاوی گەرم لە رۆژهەڵاتەوە بە ئاراستەی رۆژئاوا پاڵ دەنێت، واتە لە ئیکوادۆر و پیرۆوە بۆ ئیندۆنیزیا؛ بەڵام لە کاتی ئێل نینیۆدا ئەو بایە لاواز دەبێ، ئەمەش واتە ئاوی گەرم بە ئاراستەی رۆژهەڵات جووڵە دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمیی زەریادا، بە تەواوی رەوتی بەرگەهەوای زەوی دەشێوێنێت.
ئەم دیاردەیە هێندە مێژوویەکی دێرینی هەیە کە هەندێک کۆمەڵگەی کۆن لە رابردوودا بە قوربانیکردنی منداڵان هەوڵیان داوە رێگری لە زیانەکانی ئێل نینیۆ بکەن بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی سرووشت.
هۆزی (چیمیو) لە پیرۆ منداڵەکانی خۆیان دەکردە قوربانی بۆ ئەوەی لە شەستە بارانەکان پارێزراوبن. لە ساڵی 2011 لە باکووری پیرۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە رووفاتی 250 منداڵی تێدابوو و مێژووی مردنیان بۆ ساڵی 1400 تاوەکو 1450ـی زایینی دەگەڕایەوە و دەرکەوت بۆ خۆپاراستن لە ئێل نینۆ منداڵەکان کراونەتە قوربانی و لە تەنیشت بەچکە ئاژەڵی (لاما) نێژراون.
دیاردەکە سیستمی کەشوهەوای گۆی زەوی دەگۆڕێ. لە هەندێک ناوچەی جیهان وەک ئوسترالیا و بەشێک لە ئاسیا و ئەفریقا دەبێتە هۆی وشکەساڵی و گەرمای تووند، لە هەندێک ناوچەی دیکەش وەک ئەمریکای باشوور و بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارانی بەلێزمە، زریان و لافاوی کتوپڕ دروست دەکات.
تیم ستۆکدەیل، زانای ناوەندی ئەورووپی بۆ پێشبینییەکانی کەشوهەوای مەودا مامناوەند و کارلۆ بوۆنتێمپۆ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایانگەیاند: "دیاردەی ئەم ساڵ رووداوێکی تۆمارشکێنە و بەردەوامیش دەبێت لە شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان".
ئەو دوو پسپۆڕە بە رووداوییان راگەیاند، ناڕێکییە رۆژانەکانی پلەی گەرما دەستیان کردووە بە بەزاندنی بەرزترین ئاستە پێوانەییە تۆمارکراوەکانی پێشوو.
دوو پسپۆڕەکە ئاماژەیان بەوەش کرد کە "پلە گەرمییە بەرزەکانی رووی دەریا و ناڕێکییەکانی پلەی گەرما لە مانگی حوزەیرانەوە ژمارە پێوانەییە مانگانەکانیان شکاندووە و پێشبینییەکان دەریدەخەن کە ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت. پێشبینییەکی بەهێزمان هەیە کە ئەمە گەرمترین ئاستی رووی دەریا یان گەورەترین ناڕێکی دەبینین، ئەمەش بەهۆی ئێڵ نینۆ".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیاندا بۆ رووداو هاتووە: "پێشبینی دەکەین ئەم ئێڵ نینۆیە لە ریزی گەورەترینەکان بێت کە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێ، هاوشێوەی ساڵانی 1982، 1997 و 2015، بەڵام ئەمجارەیان لە ژینگەیەکی پێشوەختە گەرمتر لە هەموو کاتێک روودەدات، هەربۆیە پلە گەرمییە رەهاکان بە جیاوازییەکی زۆر گەورە ژمارە پێوانەییەکان دەشکێنن."
دەربارەی ئەنجامی ئەم دیاردەیە، شارەزایانی دوو ئاژانسەکە هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە لێکەوتەکان زۆر گەورە بن.
کاریگەری ئێڵ نینۆ لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق
ڤانێسا کاردامۆنی، پسپۆڕی رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی کارەسات و خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا لە رێکخراوی (پلانت ئەداپت)ی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئێڵ نینۆ کاریگەریی جیاواز لەسەر ناوچەکە دروست دەکات. بۆ نموونە، پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لە عێراق و سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی ئاسایی زیاتر بێت. سەرەڕای ئەوەی ئەمە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ جووتیاران بۆ بەرهەمێکی باشتر، بەڵام مەترسیی روودانی کارەساتی سرووشتی بەتایبەت لافاو لە هەردوو وڵات دروست دەکات".
کاردامۆنی هۆشداری دەداتە دەسەڵاتداران و رێکخراوە مرۆییەکان لە عێراق، سووریا، لوبنان و ئێران کە خۆیان بۆ زستانێکی پڕ لە مەترسی ئامادە بکەن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە ئاوارە و پەنابەری زۆری لێیە، چونکە لافاو ژێرخانی ئاوەڕۆکان تێکدەدات و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە رێگەی ئاوەوە زیاد دەکات.
دوێنێ، لافاو ژمارەیەک ناوچەی لە شاری هەولێر گرتەوە. لەو بارەیەوە فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بومەلەرزەزانی و کەشناسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەم شەپۆلە بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆوە دروستبووە. پێشبینیمان دەکرد رۆژی شەممە بگاتە ئەوپەڕی چڕی".
بەڕێوەبەری بومەلەرزەزانی و کەشانسی سەبارەت بە بەردەوامی شەپۆلەکە گوتی، "ئەمڕۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بەڵام بە چڕییەکی کەمتر. دوانیوەڕۆ ئەگەری بەهێزتربوونی هەیە. سبەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام سەرما دێت. ئەمەش پلەی گەرما بە تێکڕا 3 بۆ 4 پلە کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییکان".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە هۆکاری لافاوەکە بە رووداوی راگەیاند، پێشبینیی دەکرا 30 ملم باران لە هەولێر ببارێ، بەڵام بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەنیا لە دوو کاژێری ئێوارەی دوێنێدا نزیکەی 80 ملم باران باری و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی درووستبوونی لافاوەکە بوو.
بەڕێوەبەری بومەلەرزەزانی و کەشناسی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قسەکانی پارێزگاری هەولێر گوتی: "لە کاژێر 5ی ئێوارەی شەممەوە باران لە هەولێر دەستیپێکرد بەڵام 7 بۆ 9 زۆرترین باران باری. بارانەکە پێشبینیکراوبوو بەڵام رێژەکە (لەو ماوە کورتەدا) پێشبینینەکراو بوو. ئەمەش هۆکارەکەی تەقینی هەورەکان بوو و بووە هۆی بارانێکی خێرا".
فازڵ ئیبراهیم سەبارەت بە هۆکاری تەقینی هەورەکان و بارانە لەناکاوەکە گوتی: "دیاردەی ئێڵ نینۆ کاریگەری لەسەر جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم ساڵ ئێڵ نینۆ زۆر بەهێزە. پێشبینیمان کردبوو بەو هۆیەوە ئەم ساڵ باران لانیکەم 25٪ لە تێکڕای ساڵانی رابردوو زیاتر بێت".
داواکاریی 110 ملیۆن دۆلاریی کۆچ بۆ پاراستنی 4.9 ملیۆن کەس
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ داوای 110 ملیۆن دۆلاری بەپەلە دەکات بۆ پاراستن و پێشکێشکردنی هاوکاری بە 4.9 ملیۆن کەس، کە بەهۆی کێشە ژینگەییەکانەوە ئاوارە بوون پێش ئەوەی شەپۆلی لێکەوتە وێرانکەرەکانی ئێڵ نینۆ زیاتر بن.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دیاردەکە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوی وێرانکەر لە هەندێک ناوچە و وشکەساڵیی کوشندە لە ناوچەیەکی دیکە، کە ئەمەش مەترسیی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، بێ ماڵ و حاڵ بوون و تێکچوونی سەرچاوەی بژێویی ملیۆنان مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێناوە لە وڵاتانی خاوەن ژێرخانی لاواز.
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیش لە راپۆرتێکدا کە 15ی تشرینی یەکەم بڵاویکردووەتەوە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان ئێڵ نینۆ و زیادبوونی برسێتی لە جیهان.


