رووداو-پەکین
هەفتەی رابردوو كریستۆفر رای، سەرۆكی ئێف بی ئای رایگەیاند، ئەوان دەمێكە گریمانەیەكی بەهێزیان هەیە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە یەكێك لە تاقیگەكانی شاری ووهان لە چین دزەی كردبێت و بە چین و هەموو جیهانیشدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین قسەكانی ئێف بی ئای ئەمریكا لەبارەی دزەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەیەكی ووهان رەتكردەوە.
قسەكانی سەرۆكی ئێف بی ئای لەدوای ئەوە هات كە واڵ ستریت جۆرناڵ یەكشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەنجامی كەمتەرخەمی و بەشێوەیەكی نەخوازراو لە یەكێك لە تاقیگەكانی شاری ووهان لە چینەوە بڵاوبووەتەوە. ئەوە لە کاتێدایە کە رۆژی دوشەممە جۆن كێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی رایگەیاند كە تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێكی یەكلاییكەرەوە لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی چین قسەكانی سەرۆكی ئێف بی ئای رەتكردەوە و وەكو "گاڵتەیەكی بێ بنەما" ناوی برد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها گوتیشی كە "ئێمە چاوەڕوانیمان لە ئەمریكا ئەوەیە كە رێزی زیاتر لە زانست بگرێت."
سەرۆكی ئێف بی ئای لە قسەكانی هەفتەی رابردووی دا ئاماژەی بەوە كردبوو كە بەهۆی نهێنیی بوونی بەڵگەكەكان ناتوانن وردەكاریی زیاتر بخەنەڕوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی چینی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تاوەكو راستییەكان لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بشارنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە كە ئەمریكا لە دوای خستەخوارەوەی باڵۆنەكەی چین لە مانگی رابردووەوە نەیتوانی بیسەلمێنێت كە ئەو باڵۆنە هەڵگری هیچ ئامێرێكی سیخوڕی بووە و ئێستا لە رێگەی دەزگاكانی ئاسایشی وڵاتەكەیەوە دەیەوێت یارییەكی دیكە ساز بكات و ئەمجارەیان سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای هێناوەتە ئاراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-03-2023، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند كە داوا لە ئەمریكا دەكەن لەگەڵ رێزدانان بۆ بنەما زانستی و لێكۆڵینەوەكان واز لە پڕۆپاگەندا بهێنێت و چیدیكە یەكگرتوویی جیهانی و ناوچەیی نەخاتە مەترسییەوە و رێگە بدات كە زانست و لێكۆڵینەوە زانستییەكان راستییەكان ئاشكرا بكەن.
چین لە كۆتاییەكانی ساڵی 2022 سەركەوتنی بەسەر كۆرۆنادا راگەیاند و دەرگەی وڵاتەكەی بەڕووی جیهاندا كردەوە، هەروەها دوای سێ ساڵ رێگەی بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دا گەشتەكانیان لەنێوخۆی چین و بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەستپێبكەنەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2023شەوە چین هیچ ئامارێكی سەبارەت بە تووشبوون یان گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیاندووە و، بە پێچەوانەی سێ ساڵی رابردوو ئیستا كۆرۆنا لە چین وەكو پەتایەكی وەرزی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە شاری ووهان لە هەرێمی هوبێی چین بڵاوبووەوە و، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 7 ملیۆن كەس لە جیهاندا.



