رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی شاری ناشڤیل بە نووسراوێکی فەرمی، پەنجاهەمین ساڵیادی گەیشتنی یەکەمین گرووپی خێزانی کورد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیشتەجێبوونیان لە ناشڤیل و شارەکانی دیکەی ئەمریکا بەرز نرخاند.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە یەکەمین گرووپی خێزانی کورد لە 1ـی ئاداری 1976 گەیشتنە ئەمریکا و بەشێکی نوێی ژیانیان دەستپێکرد. ئەم خێزانانە مێژوو، کولتوور، هیوا و ئاواتەکانیان لەگەڵ خۆیان هێنا و لە هەمان کاتدا بناغەی ژیانێکی نوێیان بۆ نەوەکانی داهاتوو دانا.
ئەنجوومەنی شار جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، لەگەڵ بنیاتنانی ژیانی خۆیان لە ئەمریکا، بەردەوام بوون لە پاراستنی زمان، کولتوور و نەریتەکانی خۆیان.
بەپێی نووسراوەکە، ناشڤیل ماڵی زیاتر لە 20 هەزار کوردن و کۆمەڵگەی کوردی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی شارەکە؛ بە شێوەیەک کە نەریتە کوردییەکان و شێوازی ژیانی ئەمریکی لە تەنیشت یەکتر گەشەیان کردووە.
هەروەها ئەنجوومەنی شار ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و جەختی لە هاوکاری، رێزگرتنی دوولایەنە و قوربانیدانی هاوبەش کردووەتەوە.
لە نووسراوەکەدا رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش، لە تەنیشت هێزە ئەمریکی و هاوپەیمانەکان، بە نموونەیەک لە هاوکارییە مێژووییەکان باس کراوە.
نووسراوەکە لە 6ـی ئۆکتۆبەری 2026 واژۆ کراوە و تێیدا پەنجا ساڵ نیشتەجێبوون، خۆڕاگری و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی لە ناشڤیل بەرز نرخێنراوە. هەروەها بەشداریی خێزانی کورد لە گەشەکردن، هەمەچەشنی و ژیانی مەدەنیی هاوبەشی شارەکە بە فەرمی دانپێدانراوە.

نووسراوەکە لەلایەن ئەنجی ئی. هێندەرسۆن، جێگری شارەوان و سەرۆکی ئەنجوومەن، مایک کۆرتێسی و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی شارەوە واژۆ کراوە.

واژۆکەران:
ئەنجی ئی. هێندەرسۆن — جێگری شارەوان و سەرۆکی ئەنجوومەن
مایک کۆرتێسی
زولفات سوارا
ئێمیلی بێنێدیکت
تۆم درەفڵ
تاشا ئێلیس
دێلیشیا پۆرتەرفیلد
جۆی ستایلز
کلەی کاپ
ئەنتوانێت لی
بۆب ناش
رەس برادفۆرد
جەیکۆب کوپین
سان




