رووداو-پەکین
حکومەتی چین دەڵێت، بودجەی بەرگرییەکەی بۆ ساڵی 2023 بۆ 7.2٪ـی کۆی بودجەی وڵاتەکە زیاد دەکات، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بودجەکەی بۆ 7.1٪ بەرزکردەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە هۆشداری لە "هەڕەشەی دەرەکی" بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 05-03-2023، لە 14مین كۆنگرەی ساڵانەی پارتی كۆمۆنیستی چین، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەستوەردان لە خاک و سەروەریی وڵاتەکەیان وایکردووە کە بودجەی سەربازیی چین زیاد بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی چین، وڵاتەکە ئەمساڵ بڕی 1.55 ترلیۆن یوان کە دەکاتە 225 ملیار دۆلار لە بەرگرییدا خەرج دەکات، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هەشت ساڵە چین هەموو ساڵێک بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە نزیکەی 1٪ زیاد دەکات. لە راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی چیندا هاتووە: گرنگیدان بە هێزی دەریایی و ئاسمانی كاری لەپێشینەیان دەبێت.
لەدوای بودجەی بەرگریی ئەمریکا، بودجەی بەرگریی چین لە ریزی دووەمی زەبەلاحترین بودجەکانی بەرگریی وڵاتانی جیهان دێت و ساڵی رابردوو بڕەکەی 1.45 ترلیۆن یوان کە دەکاتە 210 ملیار دۆلار بوو. بەشێکی شارەزایانی رۆژئاواییش پێیانوایە کە ئەوەی چین لە سەربازییدا خەرجی دەکات "زۆر لەوە زیاترە" لەوەی بەشێوەیەکی فەرمی رادەگەیێندرێت.
هەرچی بودجەی بەرگریی ئەمریکایە بۆ ساڵی 2023، بریتییە لە 800 ملیار دۆلار.
لەم ساڵانەی دواییدا، پەکین ملیاران دۆلاری لە مۆدێرنکردنی بەرگرییەکەیدا خەرجکردووە و ئامانج لێی بەهێزکردنی سوپاکەیەتی.
ساڵی رابردوو گرژیی نێوان ئەمریکا و چین رووی لە هەڵکشان کرد، بە تایبەتی لەبارەی پرسی دوورگەی تایوانەوە. پەکین، تایوان بە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی خۆی دادەنێت و دەڵێت "ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت، رۆژێک هەر دەگەڕێتەوە باوەشی خاکی دایک" کە مەبەست لێی چینە.
سەردانەکەی هاوینی ساڵی رابردووی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دوورگەکە بووە هۆی هەراسانکردنی چین و وڵاتەکە دەستی بە ئەنجامدانی مانۆڕی گەورەی سەربازی کرد.
هەرچی واشنتنە، بەشێوەیەکی دیپلۆماسی، تەنیا دان بە چیندا دەنێت وەکو وڵات، بەڵام پەیوەندیی دیفاکتۆی ئاست وڵاتی لەگەڵ تایوان هەیە و پاڵپشتی لە دوورگەکە دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات.



