رووداو دیجیتاڵ
پۆلیس و راوچییەکان لە شاری فوکوشیمای ژاپۆن دەستیان بە گەڕان بەدوای ورچێکدا کردووە، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر چوار کەس و برینداری کردن.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، پۆلیسی ژاپۆن رایگەیاند، گەڕان بەدوای ئەو ورچەدا بەردەوامە، بەڵام زیرەکییەکەی بووەتە کێشە بۆیان.
ئەم ورچە لەنێو کارگەیەکدا بینرا کە بە دەستی بەلوعەی ئاوی کردەوە بۆ ئەوەی بیخواتەوە، هەروەها دوای ئەوەی لەنێو کارگەکەدا دەوری درا، توانی قوفڵی پەنجەرەیەک بکاتەوە و رابکات.
یوکی بابا، سەرۆکی شارەوانیی فوکوشیما لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا و گوتی: "ئەم ورچە دەتوانێ بەلوعە بکاتەوە و پەنجەرەی قوفڵکراویش بکاتەوە. پێم وایە ورچێکی زۆر زیرەک و بلیمەتە."
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری، ورچەکە لە گەراجی ئۆتۆمبێلی کۆمپانیایەکدا بەدوای کارمەندێک کەوتووە و برینداری کردووە، دواتر چووەتە نێو کارگەیەکی ئەلیکترۆنی و لەوێش سێ کەسی بریندار کردووە.
پۆلیس رایگەیاند، دەرزیی بێهۆشکەری لە ورچەکە داوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەبووە و بە ئاگاییەوە رایکردووە.
هەرچەندە یاساکانی ژاپۆن بۆ بەکارهێنانی چەک تووندن، بەڵام بەهۆی زیادبوونی هێرشی ورچەوە یاسا هەموارکراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس نەیتوانی لەنێو کارگەکەدا تەقە لە ورچەکە بکات، چونکە کەرەستەی سووتەمەنی لێبوو و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە هەبوو.
ژاپۆن رووبەڕووی شەپۆلێکی بێ وێنەی هێرشی ورچ بووەتەوە. تەنیا ساڵی رابردوو 13 کەس لە ئەنجامی هێرشی ورچەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و 238 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون کە ئەمە بەرزترین ئامارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار کرابێت.
شارەزایان پێیان وایە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەرچاوەی خۆراک لە دارستانەکاندا وای کردووە ورچەکان زیاتر روو لە شارەکان بکەن.
ئێستا قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە داخراون و پۆلیس بە بەکارهێنانی درۆن و راوچیی شارەزا، لە گەڕان بەدوای ئەو ورچەدا دەگەڕێ.
.png&w=3840&q=75)

