رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێک، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) نیگەرانە لە زیادبوونی چالاکییە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل بۆسەر بەرپرسانی باڵای واشنتن. بەپێی راپۆرتەکە، پێنتاگۆن ئاستی هەڕەشەی "دژەهەواڵگری" لەلایەن هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئاستی "هەستیار" بەرزکردووەتەوە.
بە گوێرەی کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ چالاکییە هەواڵگرییەکانی تەلئەڤیڤ ئەنجامداوە. سێ بەرپرسی ئەمریکی بە ئێن بی سی نیوزیان راگەیاندووە، پێنتاگۆن لە پەیامێکی نێوخۆیدا ئاستی هۆشداری بەرامبەر ئیسرائیل گەیاندووەتە پلەی "هەستیار".
ئیسرائیل چی دەوێ؟
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئێن بی سی نیوز، ئیسرائیل هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ چاودێریکردنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بڕیارە نهێنییەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ئێران و ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
وەک ئێن بی سی نیووز دەڵێ، هەڵسەنگاندنەکەی پێنتاگۆن کە لە چوارچێوەی بەڵگەنامەیەکی حەوت لاپەڕەییدا ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە توانای ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی سیخوڕیی مرۆیی و تەکنیکی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر هەستیار، ئەمەش دوای چەندین رووداوی دیاریکراو دێت کە گومانی واشنتنیان زیاد کردووە.
نەتەنیاهوو و ترەمپ؛ هاوپەیمانییەک لە لێواری گرژی
ئەم هەڵسەنگاندنەی پێنتاگۆن لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووی لە ساردی کردووە.
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی توونددا لە رۆژانی رابردوودا ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە "شێت"، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی دیدگەیان بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
لە کاتێکدا ترەمپ هەوڵی رێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران دەدات، نەتەنیاهوو داوای دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکان دەکات و دژی هەر رێککەوتنێکە کە ئێران پابەند نەکات.
کاردانەوەکان؛ "راست نییە"
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەمە سەرلەبەر درۆیە. ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر دامەزراوەکانی ئەمریکا و بەرپرسەکانییەوە ناکات. هەوڵە هەواڵگرییەکانی ئێمە دژی دووژمنەکانمانە نەک هاوپەیمانەکانمان."
بەرپرسێکی کۆشکی سپیش رایگەیاند، چیرۆکەکە دوورە لە راستییەوە و لە سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە کە زانیاریی وردی نییە.
وریایی لە گەشتەکان
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئێن بی سی نیوز، هەرچەندە هاوئاهەنگیی هەواڵگریی رۆژانەی نێوان هەردوو وڵات لە جەنگی ئێران بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی پێنتاگۆن ئێستا بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە دەکەن.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا کراوە لە کاتی سەردانیان بۆ ئیسرائیل، مۆبایلی کاتی بەکاربهێنن و لە ژووری هۆتێلەکانیاندا بە وریاییەوە قسە بکەن، چونکە مەترسیی گوێگرتن و چاودێریکردنیان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە هەیە.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)