رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆمەڵێک لێدوانی نوێی پەیوەست بە جەنگی ئێران، داهاتووی رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران خستەڕوو، و ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ رێبەرایەتیی نوێی ئەو وڵاتە نیشاندا.
سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NBCی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا چاوی بە موجتەبا خامنەیی نەکەوتووە و قسەی لەگەڵ نەکردووە، بەڵام رایگەیاند: "ئەگەر پێی خۆش بێت، دەمەوێت راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکەم."
ترەمپ لەبارەی خامنەیی کوڕەوە گوتی: "ئەو گەنجترە و ژیرانەتر هەنگاو دەنێت و خەریکە دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی رێککەوتنەکە." هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە شوێنی مانەوەی ناوبراو، ترەمپ بە تەمومژاوییەوە گوتی: "نامەوێت بڵێم ئایا دەزانم ئەو لەکوێیە یان نا، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە کە بزانم."
لەبارەی توانای ئەتۆمیی تارانەوە، ترەمپ بە تووندی جەختی کردەوە: "بە رێککەوتن بێت یان نا، چارەسەری دەکەین؛ یۆرانیۆمی ئێران دەهێنینە دەرەوە و لەناویدەبەین." هۆشداریشی دا کە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش واژۆ بکەن، واشنتن دەستبەجێ پارە سڕکراوەکانیان بۆ ناگەڕێنێتەوە، و گوتیشی: "خاڵێکی نوێ بۆ رێککەوتنەکەمان زیاد دەکەم، ئەویش ئەوەیە کە نابێت ئێران فێڵ لە هیچ رێککەوتنێک بکات."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئێران بەهۆی لێدانەکانەوە پەکیکەوتووە و تەنیا نزیکەی 21%ی ئەو مووشەکانەی پێش جەنگی بەدەستەوە ماوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان گەلێکی بەهێزن و شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم جەنگە بۆ ئێمە جەنگێکی گەورە نییە و لە کۆتاییدا ئەمریکییەکان دەحەسێنەوە."
ترەمپ مەرجی دەستپێکردنی دانوستاندنی فەرمی بەستەوە بە گۆڕینی رەفتارەکانی تاران و گوتی: "یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی گەیشتن بە ئاشتی، رەفتاری تارانە بەرامبەر ئێمە. ئەگەر رەفتاری باش بنوێنن و کاری باش بکەن، دەست بە قسەکردن دەکەین." لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر ئاگر بەستیش رابگەیێندرێت، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە و لەوێ دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران.


