رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو بانگەشانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە کە گوایە کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی تەنگەی هورمز دەکەن؛ راشیگەیاند: لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا، ئاسایشیان بۆ تێپەڕبوونی زیاتر لە 900 کەشتیی بازرگانی دابین کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، سێنتکۆم لە روونکردنەوەیەکدا لە ئێکس وەڵامی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانی دایەوە کە رایانگەیاندبوو کۆنتڕۆڵی چوونەژوورەوە و هاتنەدەری تەنگەی هورمزیان لەدەستە و کەشتییەکان دەبێت تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە ئێران دیارییان دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بانگەشەیەی ئێران "ناراستە" و گوتی: "ئێران کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز ناکات. ئەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان، بێ گوێدانە هەڕەشە و هێرشەکانی سوپای پاسداران."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی تەنگەکە بە پاڵپشتیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئاشکراشی کرد کە "لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی ئەمریکا یارمەتیی زیاتر لە 900 کەشتییان داوە تاوەکو بە سەلامەتی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕ بن."
ئەم لێدوانانەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە لووتکەدان. ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و چەندین شەپۆلی هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، بووەتە خاڵی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولا. بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، نزیکەی 20٪ـی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەو تەنگەیەدا دەڕوات.



