رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیارنامەیەکی وڵاتانی رۆژئاوای پەسندکرد کە تێیدا داوا لە ئێران دەکرێت "دەستبەجێ" زانیاری لەسەر کۆگەی یۆرانیۆم و بنکە ئەتۆمییەکانی بدات.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە، کە لە 35 ئەندام پێکدێت، بە زۆرینەی 21 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 3 دەنگی نەخێر و 10 دەنگی بێلایەن، بڕیارنامەیەکی پێشنیازکراوی وڵاتانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا)ـی پەسندکرد.
داواکارییەکان لە تاران
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە "پێویست و بەپەلەیە" ئێران بەبێ دواکەوتن زانیاریی تەواو لەسەر کۆگاکانی ماددەی ئەتۆمی و نەخشەی بنکە ئەتۆمییەکانی بخاتە بەردەست ئاژانسەکە. هەروەها داوا کراوە تاران رێگە بە پشکێنەران بدات دەستیان بەو شوێنانە رابگات کە پێویستن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان.
ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێکدایە کە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتەوە، لە بەرامبەریشدا تاران رێگریی لە چوونەژوورەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە.
پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی مەترسیداردا
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%، کە ئەمەش زۆر نزیکە لەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە.
پشکێنەرانی ئاژانسەکە دەڵێن لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە (واتە لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان) هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو ماددانە نەبووە، چونکە ئێران هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە هەڵپەساردووە.
کاردانەوەی ئێران
نوێنەرایەتیی ئێران لە ڤیەننا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێشنیازکردنی ئەم بڕیارنامەیەی لەلایەن ئەمریکاوە بە کارێکی "پێکەنیناوی" و "دنەدانی بێمانا" ناوبرد.
لە دوای 28ـی شوباتی رابردوو و سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، تاران گفتوگۆی لەگەڵ واشنتن کردووە، بەڵام هەموو داواکارییەکی بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رەتکردووەتەوە. تاران بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل گومانیان هەیە و دەڵێن تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.



