رووداو دیجیتاڵ گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیشتنە لووتکە؛ دوای ئەوەی ئەردۆغان، نەتەنیاهووی بە "هیتلەر" چواند، نەتەنیاهووش ئەردۆغانی بە "دیکتاتۆر و بکوژی کورد" ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە وەڵامێکی توونددا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "پسپۆڕی کۆمەڵکوژی" وەسفکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کاردانەوەی تووندی بەرامبەر لێدوانەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیشاندا و رایگەیاند: "ئەو تۆمەتە بێ بنەما و وروژێنەرانەی ئاراستەی سەرۆککۆمار کراون، تەنیا هەوڵێکی نەتەنیاهوو و هاوتاوانەکانییەتی بۆ چەواشەکردنی رای گشتیی نێودەوڵەتی." وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نەتەنیاهووی بە "پسپۆڕی کۆمەڵکوژی" ناوبرد و رایگەیاند، "ئەو درۆیانە ناتوانن بەرپرسیارێتیی تاوانە قورسەکانی بشارنەوە" و تورکیا کار دەکات بۆ ئەوەی نەتەنیاهوو لە دادگە نێودەوڵەتییەکاندا باجی کردەوەکانی بدات. ئەردۆغان: نەتەنیاهوو هیتلەری سەردەمە ئەم شەڕە قسەیە دوای ئەوە هات کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر ئیسرائیل و گوتی: "ئیسرائیل بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی. 85 ساڵ لەمەوبەر بێدەنگی بەرامبەر هیتلەر بووە هۆی گیانلەدەستدانی 80 ملیۆن کەس؛ ئەمڕۆش کۆمەڵکوژییەکانی قەسابەکەی غەززە، نەتەنیاهوو، بە هەمانشێوەی هیتلەر بە بێدەنگی تەماشا دەکرێن." ئەردۆغان هۆشداریشی دا کە "هێرشەکانی نەتەنیاهوو بۆ سەر سووریا و لوبنان، ئێستا هەڕەشە لە تورکیاش دەکەن." نەتەنیاهوو: ئەردۆغان کۆمەڵکوژیی کورد دەکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێدەنگ نەبوو و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بە تووندی وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە. نەتەنیاهوو نووسیویەتی: "ئەردۆغانی دیکتاتۆری دژە جوو، کە کۆمەڵکوژیی دژی کورد دەکات و پشتیوانی لە رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دەکات، دوایین کەسە بتوانێت وانەی ئەخلاق بە ئیسرائیل بدات." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرگریی لە سوپای وڵاتەکەی کرد و بە "بەئەخلاقترین سوپای جیهان" وەسفیکردن و گوتی، بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان دژی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا. ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ بەهۆی شەڕی غەززە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی.
جیهان10-06-2026ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای "زانیاریی بەپەلە" لەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران دەکات