رووداو دیجیتاڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن، چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆن رایدەگەیێنن، پلانی وردیان داناوە بۆ ناردنی تیمی تایبەت بۆ نێو خاکی ئێران، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو. تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس لە زاری چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا لە گفتوگۆدایە بۆ ناردنی هێزی سەربازیی تایبەت بۆ نێو ئێران بۆ ئەوەی هاوکاریی تیمەکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا بکەن لە دۆزینەوە، پاراستن و گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو. تیمی تایبەت و ئۆپەراسیۆنی خێرا بەگوێرەی ئەو بەرپرسانە، یەکێک لە سیناریۆکان بریتییە لە جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک ئامادەکارییەک بۆ "ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی خێرا". بڕیار وایە تیمێکی شارەزا لە وەزارەتی وزەی ئەمریکا بە ناوی "تیمی پشتیوانی باری نائاسایی ئەتۆمی"، لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا و یەکەی 20ـی تایبەت بە چەکە کیمیایی و بایۆلۆژی و ئەتۆمییەکان، بچنە نێو خاکی ئێران. ئەرکی ئەم تیمانە بریتی دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی کەرەستە ئەتۆمییەکان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات. پرۆسەیەکی 60 رۆژی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کردووە، لە نێو رێککەوتنە نوێیەکەدا، بڕگەیەک هەیە دەڵێت، یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەبێت "لە شوێنی خۆی لەناوببرێت و دواتر ببرێتە دەرەوەی وڵات." ئەو بەرپرسە دەڵێت: "دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن، پڕۆسەیەکی تەکنیکی دەستپێدەکات کە 60 رۆژ دەخایەنێت؛ لەو ماوەیەدا پسپۆڕان کار لەسەر چۆنیەتی گواستنەوە و لەناوبردنی ئەو کەرەستانە دەکەن." پلانی گریمانەیی یان بڕیاری کۆتایی؟ بەرپرسانی پێنتاگۆن جەختیان کردووەتەوە، ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی "پلانی گریمانەیی سەربازی"دان و هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە نەدراوە، بەڵکو هەموو شتێک بەندە بە ئەنجامی دانوستاندنە سیاسییەکان و دۆخی مەیدانی لە رۆژانی داهاتوودا. ئەم پلانە لە کاتێکدایە واشنتن و تاران لە هەموو کاتێک زیاتر لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە، بەهۆیەوە ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنێت لە بەرامبەر سوککردنی سزاکان و گەڕانەوەی بۆ بازاڕی وزەی جیهانی.
جیهان13-06-2026ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی و وڵاتی دیکە بۆ کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست دیپۆرت دەکات