رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی دەڵێت، سوپای ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی ئاڵۆز بووە بۆ ئەوەی هێزی تایبەتی سەربازی رەوانەی نێوجەرگەی ئێران بکات بۆ دەرهێنان و لەنێوبردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئەو وڵاتە، بەڵام لە ترسی هەنگاوی تووندی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکەی راگرتووە.
سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵێ، مانگی رابردوو، باڵاترین جەنەراڵی ئەمریکا بەپەلە خۆی گەیاندە بارەگای فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە فلۆریدا بۆ ئەوەی گوێبیستی پلانەکانی سوپای ئەمریکا بێت بۆ ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران، تاوەکو بە زەبری هێز دەست بەسەر یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراوی وڵاتەکەدا بگرن.
کۆبوونەوەکە هێندە هەستیار و گرنگ بوو کە جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا ناچار بوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە برۆکسل جێبهێڵێت و بەپەلە بگەڕێتەوە ناوچەی تامپا لە فلۆریدا. سەرچاوەکان دەڵێن، هەستیاری و گرنگیپێدانی لەرادەبەرد بە کۆبوونەوەکە دەریدەخات کە ئیدارەی ترەمپ چەندە نزیک بووە لەوەی گڵۆپی سەوز بۆ سەرکێشییەکی لەو شێوە بکات.
دوای کۆبوونەوەکە، کەین دەچێتە لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و لەو بژاردانە ئاگاداری دەکاتەوە کە لەبەردەستیاندان.
بەڵام لە هەمان کاتیشدا، هۆشداری بە ترەمپ دەدرێ لەوەی ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە بکرێ، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە، ئێران بە زەبرەوە تۆڵە دەکاتەوە و لە ئەنجامدا جەنگ درێژە دەکێشێت و ئابووریی جیهان هێندەی دیکە پەرێشانتر دەبێت، بۆیە ترەمپ بڕیار دەدات پلانەکە بووەستێنێت. لە هەمان کۆبوونەوەدا، بە گوتەی سەرچاوەکان، ترەمپ ترسی خۆی ناشارێتەوە لەوەی رەنگە ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە بکوژرێن ئەگەر دەست بۆ ئەم هێڵە سوورەی ئێران ببەن.
دانانی پلانی ئەم سەرکێشییە، هەمووی لە کاتێکدا بوو کە ترەمپ زوو زوو دەیگوت، ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتنی ئاشتی بۆ وەستاندنی جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز نزیکن.
بەڵام گفتوگۆی پشت پەردەی پێنتاگۆن و کۆشکی سپی لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ نێو ئێران دەریدەخات کە ئەمریکا چەندە نزیک بووە لەوەی جەنگەکە بە شێوەیەکی گەورە فراوان بکات.
یەکێک لە بەرپرسان بە سی ئێن ئێنی گوتووە، "مەترسییەکان زۆر زۆرن،" هەربۆیەش سەیر نییە کە ترەمپ دژی پێدانی گڵۆپی سەوز بووە.
سێ سەرچاوەی دیکە بە تۆڕەکەیان راگەیاندووە، تاران لە ژێرەوە خەریکی داڕشتنی پلانێک بووە بۆ بەکارهێنانی "بژاردەیەکی ئەتۆمیی ئابووری"، ئەوەش ئەوە بووە کە لە رێگەی حووسییەکانی یەمەنەوە تەنگەی بابولمەندەب دابخات، لە کاتێکدا ئەو تەنگەیە رێڕەوێکی ئاویی گرنگە بۆ بازرگانیی جیهانی و ئێستا کە چەندین مانگە تەنگە هورمز داخراوە، بابولمەندەب بووەتە شادەمارێکی کەشتیوانی بۆ گواستنەوەی بازرگانی لە دەریای سوورەوە.
شەوی رابردوو بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداویش لەوێ بوو. بەرپرسەکە لیستێک لەو مەرجانەی خستنەڕوو کە گوایە ئێران پێیان رازی بووە:
- یۆرانیۆمی پیتێنراو ناکارا دەکرێ و دەگوازرێتەوە دەرەوەی ئێران
-بەرنامەی ئەتۆمی هەڵدەوەشێندرێتەوە
-تەنگەی هورمز دەکرێتەوە
-ئێران پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەوەستێنێت
یۆرانیۆمەکەی ئێران
دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەکەی ئێران، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ.
هەرچەندە ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بە ئەگەری چوونەنێو ئێران و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکە کردووە، بەڵام دوودڵ بووە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک کە رەنگە ببێتەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیووز باسی لە بژارەیەکی دیکەی پێشبینیکراوی سەربازیی ئەمریکا کرد کە ئەگەر بەکاربهێندرێ، دەکرێت ببێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکی، ئەویش کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگە، کە چەقی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی: "نازانم ئایا ئەمریکا توانای بەرگەگرتنی ئەوەی هەیە یان نا."
ئەوەی کە پەیوەندی بە بردنە دەرەوەی ئەو یۆرانیۆمەوە هەیە بە هێز، شارەزایانی بواری ئەتۆمی گومانیان هەیە کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکا تەنانەت بتوانێت شوێنی هەموو یۆرانیۆمەکەش بدۆزێتەوە و پشتڕاستی بکاتەوە، چ جای ئەوەی بە سەلامەتی و بەتەواوی لەژێر ئاگر و ئاسندا دەربهێندرێ. سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات، پێدەچێت مادەکە هێشتا لە شێوەی گازدا مابێتەوە، هاوشێوەی ئەو کاتەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025ـدا دوایین جار لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە پشتڕاست کرایەوە.
مانگێک دوای ئەوە و لە دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی، ئێران دەرگای بەڕووی پشکنەرە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکاندا داخست. سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە کە ئەو هێرشانە زیانیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان گەیاند، بەڵام هەموو مادە ئەتۆمییەکانیان لەنێونەبرد و لەنێو تونێلە ژێرزەوییەکاندا ماونەتەوە.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەدا هۆشداری دا، ئەگەر ئێران بڕیار بدات بەرنامەکەی لە سڤیلەوە بگۆڕێ بۆ سەربازی، یەدەگی ئێستای یۆرانیۆمەکەی رێگەی پێدەدات تاوەکو 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
بە گوتەی دوو سەرچاوە، هەواڵگریی ئەمریکا متمانەی بەوە هەیە کە دەزانێت هەموو یۆرانیۆمەکە لە کوێیە، ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ چاودێریی بەردەوامی ئاسمانی. بەپێی چەندین سەرچاوەی ئاگادار لە دۆسیەکە، جگە لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکە، ئێران یەدەگێکی زۆری لە مادەی کەم پیتێنراو هەیە کە دەتوانرێ بکرێتە "بۆمب" و توانای گەیاندنی زیانی گەورەی هەیە. تاوەکو ئێستاش دانوستاندنەکان سەرنجیان خستووەتە سەر یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکە، کە نزیکترە لە ئاستی چەک.
بەڵام، وەک سی ئێن ئێن باسی دەکات، بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکە، پێویست بە هێزێکی زەوینیی گەورەی ئەمریکا دەکات کە سەتان سەربازی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان (کۆماندۆ) لەخۆدەگرێ.
یەکێک لە سەرچاوەکان گوتوویەتی: "گەڕان بەنێو ئەو تونێل و هەموو ئەو بەرمیلانەدا کارێکی شێتانە و سەخت دەبێت. دەبێت هێزێکی زۆر گەورە لەوێ جێگیر بکەین. لە بنەڕەتدا، دەبێت هێرشی زەمینی بکەین."
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رێنماییەکان، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە دەکەوێتە نێوان ئاستی "بەرز بۆ لەڕادەبەدەر" لە "ئاستی قبووڵکراوی مەترسی" بۆ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، ئەمەش واتە تەنانەت ئەگەر ئەرکەکە بە سەرکەوتووییش ئەنجام بدرێ، دەکرێ ببێتەهۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان.
رۆژی هەینی بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی دانی بەوەدانا، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش رازی بێت، دەرهێنانی یۆرانیۆمە زۆر پیتێندراوەکە کارێکی ئاڵۆز و سەخت دەبێت و هێشتا وردەکارییە تەکنیکییەکانی یەکلایی نەکراونەتەوە.
بەرپرسەکە گوتی: "ئێرانییەکان بەڵێن دەدەن مادە پیتێنراوەکە لەنێوببەن و دەریبکەن، بەڵام ئەمە چۆن دەکەیت؟ کاتێکی کەمی دەوێت تا بزانین چۆن دەکرێت. ئەمە مادەیەکە زۆر زوو گڕ دەگرێ و ناجێگیرە. ناکرێت تەنیا حەفارەیەک و کابرايەک بە جانتایەکی پشتییەوە بنێرینە خوارەوە و دەست بە دەرهێنانی بکەن."



