رووداو - دیجیتاڵ
ئەمریکا و ئێران لە رێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەلیکترۆنییەوە، هەنگاوێکی
بەرچاویان بەرەو وەستاندنی یەکجاریی شەڕ و کەمکردنەوەی گرژییەکان نا.
هەرچەندە وردەکارییەکانی یاداشتەکە بە تەواوی ئاشکرا نەکراون، بەڵام باس لە
دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی جیدی دەکرێت لەبارەی پرسی ئەتۆمی، ئەمەش کاردانەوەی
جیاوازی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا لێکەوتووەتەوە.
لە نێو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات چاوەڕێی بینینی
دەقی رێککەوتنەکە و وردەکارییەکانن، بەڵام تێڕوانینەکانیان بۆ شێوازی مامەڵەکردن
لەگەڵ تاران جیاوازە.
کۆمارییەکان: جیاواز لە سەردەمی ئۆباما سێناتۆر بێڵ هاگێرتی، کە ئەندامێکی کۆماریی
ئەنجوومەنی پیرانە و لە کۆشکی سپی و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە نزیکە، ئاماژە بەوە
دەکات کە ئەم هەنگاوە جیاواز دەبێت لە رێککەوتنەکەی پێشوو. ئەو دەڵێت:
''تاوەکو ئێستا دەقی رێککەوتنەکەمان نەبینیووە، دوێنێ شەو قسەم لەگەڵ کۆشکی سپی کرد، بۆیە دڵنیام کە ئێمە بە ئاراستەیەکدا
دەڕۆین کە تەواوە جیاوازە لە رێککەوتنەکەی ئەتۆمی سەردەمی ئۆباما، ئەمریکا هیچ پارەیەک لە پێشەکیدا بە ئێران نادات کە بیدات
بە گرووپە تیرۆرستییەکان لە جیهاندا. ئەمریکا میکانیزمێک دروست دەکات کە ئێران باش رەفتار بکات، ئەمەش بە واتای لەنێوبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان
و بە ئاراستەی هەبوونی جیهانێکی سەلامەتتر هەنگاوبنێت، هەروەها بە ئاراستەیەک کە زیاتر ئاراستەی بازاڕ و ئابووری بێت لە ناوچەکەدا،
ئەوکاتە دەتوانن دەستیان بەو پارانە بگات کە دەستیان بەسەرداگیراوە و پارەی خۆیانە، نەک پارەی باجدەرە ئەمریکییەکان.''
دیموکراتەکان: چاوەڕێی وردەکاریی زیاترین لە لایەکی دیکەوە، دیموکراتەکان کە هەمیشە
داوای دوورکەوتنەوە لە شەڕیان کردووە، بە جۆرێک لە گومانەوە سەیری ئەم یاداشتە
دەکەن و پێیان وایە رەنگە دەستکەوتەکانی لەوەی پێشوو زیاتر نەبێت.
سێناتۆر جێف مێرکڵی، لە پشکی دیموکراتەکان، لەبارەی زانیارییە سەرەتاییەکان دەڵێت:
''هێشتا وردەکاری رێککەوتنەکە نازانین، باشترین وردەکاری کە من بیستوومە و رەنگە رۆژی هەینیش وردەکاری زیاتر بزانین کە ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە پەیوەستە بە کردنەوەی بەندەرەکانی ئێران،
ئەمریکا گەمارۆکەی لادەبات و ئێرانیش گەمارۆکانی سەر هورمز لادەبات، لەگەڵ لیستی ژمارەیەک پرسی دیکە کە لە داهاتوودا یەکلایی دەکرێنەوە، هەر لە پرسی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی
ئێران تاوەکو دەگاتە لابردنی سزاکانی دیکە کە لەرووی بازرگانی نێودەوڵەتیی و پرسی ئەتۆمی بەسەریاندا سەپێندراوەن، بۆیە ئەمە پرسیارێکی گەورەیە
ئێستا کە چی لەم رێککەوتنەدا هەیە، بەتایبەتیش کە ئێمە زانیاری دژ بەیەک دەبیستین.''
واژۆکردن لە سویسرا بڕیارە رۆژی هەینی، یاداشتەکە بە فەرمی و بە شێوەی ئامادەبوون
لە سویسرا واژۆ بکرێت. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نوێنەرایەتیی واشنتن
دەکات لەم پڕۆسەیەدا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە دوای واژۆکردنی،
دەقی رێککەوتنەکە دێڕ بە دێڕ بۆ میدیاکان ئاشکرا بکات، کە ئێستا کۆنگرێس و
ناوەندە سیاسییەکانی جیهان چاوەڕێی ئەو ساتەن.



