رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران، بووەتە هۆى دروستبوونى ناڕەزایەتی لەنێو رەوتی "هەڵۆکان"ى پارتی کۆماری، کە هۆشدارى دەدەن لەوەى ئەم هەنگاوە تاران دەوڵەمەندتر و بەهێزتر دەکات و هێشتا مەترسییەکانى لەسەر ناوچەکە وەک خۆى دەهێڵێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ژمارەیەک لە سیناتۆرە دیارەکانى کۆمارییەک ناڕەزایەتییان بەرامبەر یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى "ئیسلامئاباد" دەربڕی.
بیڵ کاسیدی، سیناتۆرى کۆماری، لە هەژمارى خۆى لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتى، "رۆناڵد ریگن، سیمبولی کۆمارییەکان لە گۆڕەکەیدا هەڵدەگەڕێتەوە (رادەچڵەکێت) بەهۆى ئەم بڕیارە" و رێککەوتنەکەى بە گەورەترین هەڵەى سیاسیی چوواند لە چەندین دەیەی رابردوودا.
کاسیدی گوتی، "پێش جەنگەکە تەنگەى هورمز کراوە بوو، ئێران لەژێر قورسایی سزاکاندا بوو و 13 سەربازى ئێمەش لە ژیاندا بوون؛ ئێستا 13 ئەمریکی کوژراون، خێزانەکان ملیاران دۆلاریان بۆ سووتەمەنی خەرج کردووە، سزاکان لادەبرێن و بۆردوومانەکانیش وەستاون".
سیناتۆر تێد کروز، هۆشداریى دایە ترەمپ کە "کارتۆنە پارەى کاش" نەداتە ئێران تاوەکو خۆى بونیاد بنێتەوە و ببێتەوە بە مەترسی بۆ سەر ئەمریکا. کروز گوتی، "نامەوێت ببینم ئیسلامییە تووندئاژۆکان کە دەیانەوێت بمانکوژن، بەهێزتر بکرێن. ئەگەر ئەم رێککەوتنە 300 ملیار دۆلاریان بداتێ، ئەوا هەڵەیە".
هاوکات جۆن کۆرنین، سیناتۆرى ویلایەتى تێکساس، نیگەرانیى خۆى دەربڕی لەوەى رێککەوتنەکە تەنیا وەک "پشوویەک" بێت و رێگە بە تاران بدات پەرە بە کۆگاکانى چەک و پیتاندنى یۆرانیۆم بداتەوە.
جۆن سون، سەرۆکى زۆرینەى سیناتى ئەمریکا، بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بابەتەکە کرد و رایگەیاند کە یاسادانەران پێویستییان بە وەڵامى روون هەیە لەسەر ئەوەى ئایا ئەم رێککەوتنە پرسى بەرنامەى ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و پشتگیریکردنى گروپە چەکدارەکان لە لایەن تارانەوە چارەسەر دەکات یان نا.
بەرگریى ترەمپ لە رێککەوتنەکە
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە لوتکەى گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا، بەرگریى لە هەنگاوەکەى کرد و بە رێگەیەکی پراکتیکی بۆ کردنەوەى رێڕەوە ئاوییەکانى جیهان وەسفی کرد.
ترەمپ جەختى کردەوە کە رێککەوتنەکە هەمیشەیی نییە و وەک هۆشدارییەک بۆ تاران گوتی، "ئەمە تەنیا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنە، ئەگەر بە دڵم نەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ تەقەکردن لێیان و بۆمب بەسەر سەریاندا دەبارێنین."
هەندێک لە هاوپەیمانەکانى ترەمپ وەک لیندسی گراهام، داواى ئارامگرتنیان کرد تاوەکو بزانن ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران سنووردار بکات یان نا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دیموکراتەکانیش دژی رێککەوتنەکەن و دەڵێن ترەمپ جەنگێکى پڕ تێچووى دەستپێکرد تەنیا بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ هەمان دۆخى پێش جەنگ، بەڵام بە پێدانی ئیمتیازى زیاتر بە تاران.


