رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و تاران، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات و کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنێت. جەختیشی کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و تەواوی ناوچەکەدا دەبێت.
ئەم گوتانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو هات، لەبارەی چارەنووسی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەکات و پرسی هێرشەکانی تاران بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لە پرسیارەکەیدا گوتی: "ئەو گرووپانەی ئێران لە ناوچەکە پشتیوانییان دەکات، لەم جەنگەدا بەشدار بوون و زیانیان بە دامەزراوەکانی سەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی گەیاند. ئەم رێککەوتنە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گرووپانە دەبێت لە سەرانسەری ناوچەکە، بە تایبەتی گرووپەکانی عێراق؟ پرسیاری دووەمم، ئایا ئەم رێککەوتنە داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر پارتە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان بوەستێنێت، کە دوو رۆژ لەمەوبەریش هێرشیان کرد؟".
لەنێو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جەی دی ڤانس لە وەڵامی نوێنەری رووداودا ئاماژەی بە ستراتیژیەتی پشت رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، بەدەستهێنانی هەر دەستکەوتێکی دارایی بۆ تاران، بەستراوەتەوە بە گۆڕینی رەفتارەکانی لە ناوچەکەدا.
وەڵامەکەی ڤانس وەکو خۆی، "ئەوەی کە ئەم رێککەوتنە لە بنەڕەتدا دەیکات ئەوەیە، داوا لە ئێران دەکات وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات، ئەگەر وا نەکات، وەک چۆن خەڵکێکی زۆر بڕوایان وایە ئێران هەرگیز واناکات، ئەوا هیچ سوودێکی ئابووری دەست ناکەوێت، بەڵام ئەگەر وا بکەن، ئەوە شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەموو کەسێک، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ کورد، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەر کەسێک کە لەژێر بارگرانی یان هەڕەشەی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانەدا بوون کە ئێران پشتیوانییان دەکات. چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە ئێران لەو کارانەی بوەستێت، ئەگەر نەوەستێت، ئەوا هیچ سوودێکی رێککەوتنەکەیان دەست ناکەوێت".




