رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران و رایگەیاند، ئەگەر تەنگەی هورمز دابخەن، وڵاتەکەیان بە تەواوی لەناودەبرێت و دانوستاندنکارەکانیشیان ناتوانن بگەڕێنەوە ئێران. ترەمپ گوتی، ئەمریکا ئامادەیە کۆنترۆڵی تەنگەکە بکات و وەک "فریشتەی پاراستن"ـی ناوچەکە، 20٪ـی تەواوی ئەو نەوتە ببات کە بەوێدا تێپەڕ دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، ترەمپ بە فۆکس نیوزی گوت، دوێنێ شەو راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەی کردووە و بە تووندی هۆشداریی پێداون: "ئەگەر تەنگەی هورمز دابخەن، چیدیکە وڵاتێکتان نابێت." سەرۆکی ئەمریکا پێشی گوتوون: "ئێوە تەنانەت ناتوانن بۆ وڵاتە قۆڕەکەتان بگەڕێنەوە."
ترەمپ گوتی، ئەگەر ناچار بن کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و بە تەواوی تێکیاندەشکێنن. "ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، ئەمریکا باج و سەرانەی تێپەڕبوون دەسەپێنێت و وەک فریشتەی پاراستنـی تەنگەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، 20%ـی تەواوی ئەو نەوتە دەبەن کە بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبێت."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت. ترەمپ لە وەڵامێکی توونددا بۆ پزیشکیان گوتی: "باشترە ئاگاداری قسەکانی بێت و بە خۆیدا بچێتەوە، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەیدا دەگرین."
سەبارەت بە رێککەوتنی یاداشتی لێکتێگەیشتن ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەمە تەنیا درێژکردنەوەی کاتیی ئاگربەستە و رێککەوتنی کۆتایی نییە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خاوەنی بژاردەیەکی 60 رۆژییە و دەتوانێت دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، هەر بڕیار و رێکارێک بگرێتەبەر کە خۆی بیەوێت، ئەگەر ئێرانییەکان بەڵێنی جیدی پێشکەش نەدەن، سەرجەم بژاردەکانی ئەمریکا کراوەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ گوتی بەهۆی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەوە تەنیا دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە کەنداوەوە تێپەڕیوە.
سەرۆکی ئەمریکا بێهیوایی خۆی لە هێزی سەربازیی ئیسرائیل نیشاندا و گوتی: "من بێهیوا بووم کە ئیسرائیل ناتوانێت حیزبوڵڵا لەناو ببات. ئەوان ناتوانن هیچ شتێک بکەن بەبێ رووخاندنی باڵەخانەکان."
ترەمپ رایگەیاند، نزیکە لەوەی دۆسیەی حیزبوڵڵا و باشووری لوبنان بە تەواوی بسپێرێتە دەستی سووریا و هێز بداتە ئەحمەد شەرع، چونکە پێیوایە "شەرع کارێکی زۆر وردتر دەکات لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبوڵڵا، بێ ئەوەی باڵەخانەکان بڕووخێنێت."
ترەمپ لەبارەی غەززەوە دۆخەکەی بە هێمن وەسفکرد و گوتی: "حەماس ئێستا کێشەیەکی زۆر دروست ناکات. پێویستە پرۆسەکە رێڕۆی خۆی وەربگرێت و کار بکات."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، سەرنجی سەرەکیی واشنتن لەم قۆناخەدا دەبێت لەسەر رێککەوتنەکە بێت لەگەڵ ئێراندا. "کاتێک پرسی ئێران کۆتایی دێت و چارەسەر دەبێت، زۆرێک لە کێشەکانی دیکەش خۆیان دەکەونە شوێنی خۆیان."
دۆناڵد ترەمپ پۆستێکی نوێی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە (Truth Social) بڵاوکردەوە و تێیدا نووسی: "دەبێت ئێران دەستبەجێ رێگری لە گرووپە بەوەکالەتە گرانبەهاکانی لە لوبنان [ئاماژەیە بۆ حیزبوڵڵا] بکات لەوەی کێشە دروست بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا و گوتی: "ئەگەر ئەوە نەکەن، ئێمە جارێکی دیکە بە تووندی هێرش دەکەینەوە سەر ئێران، رێک وەک ئەوەی هەفتەی رابردوو کردمان، بەڵام ئەمجارە زۆر توندتر."
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، ئەمڕۆ یەکشەممە هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی باڵا لە سویسران بۆ ئەوەی دانوستاندن بکەن، بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر بگەنە رێککەوتنێک.

