رووداو دیجیتاڵ
ئینیاسیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی لە هاوینەهەواری (بورگنستۆک) کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی گۆڕینی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ هەنگاوی کردەیی.
وەزیرى دەرەوەى سویسرا رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026 پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆ چڕانە دێت کە لەنێوان واشنتن و تاران بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بەڕێوەدەچن، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگەکە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانی کاسیس و عێراقچی جەختیان لەسەر وەرگێڕانی رێککەوتنەکە بۆ "هەنگاوی کۆنکرێتی" کردووەتەوە. ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی مێژوویی و جێی متمانەی نێوان سویسرا و ئێران بونیاد نراوە، بەو پێیەی سویسرا لە ساڵی 1980ـەوە وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران رۆڵ دەگێڕێت.
سویسرا پێشوازی لە ئامادەبوونی شاندە باڵاکانی هەردوو وڵات کرد، کە لە لایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، "لەبارودۆخی ئێستادا، تەنیا ئامادەبوونی لایەنەکان و بەردەوامیی دانوستاندنەکانیان، بەشداریکردنێکی گەورەیە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا؛ ئەمە نیشان دەدات کە کەناڵە دیپلۆماسییەکان کراوەن."
حکومەتی سویسرا جەختی کردەوە لەوەى جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی لەم شێوەیە ئاڵنگارییەکى گەورەیە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە چاوەڕوانییەکان زۆرن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سویسرا ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت."
ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ رووبەرووەکانى نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت رێگری لە هەرەسهێنانی یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە بگیرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا پێکدادانەکان لە بەرەی لوبنان و باکووری ئیسرائیل پەرەیانسەندبوو.

