رووداو دیجیتاڵ
قەتەر و پاکستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێیەک رێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، سزاکانی سەر نەوتی وڵاتەکەی هەڵدەگیرێن و پارە سڕکراوەکانیشی ئازاد دەکرێن.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشەی هەردوو وڵاتی نێوەندگیردا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە "لووتکەی دەریاچەی لوسێرن" لە سویسرا، لە کەشوهەوایەکی ئەرێنی و بونیادنەردا بەڕێوەچووە و پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە.
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە:
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1. پێکهێنانی لیژنەی باڵا: لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
2. رێککەوتنی 60 رۆژە: نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
3. پاراستنی تەنگەی هورمز: هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
4. راگرتنی شەڕی لوبنان: بە بەشداریی حکومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، "شانەیەکی هێورکردنەوە (نەهێشتنی پێکدادان)" دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5. بەردەوامیی دانوستاندن: بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.
ئێران: نەوتەکەمان دەفرۆشین و گەمارۆ نامێنێت
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سویسرایە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هەوڵە "بێوچانەکانی" پاکستان و قەتەر، پێشکەوتنێکی گەورەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بەدەستهێناوە.
عێراقچی دەستکەوتەکانی ئێرانی لە رێککەوتنەکەدا بەمشێوەیە ئاشکرا کرد: "لێخۆشبوون بۆ هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان دەرکرا، گەمارۆی دەریایی هەڵگیرا، بەشێک لە سامانە سڕکراوەکانمان ئازاد دەکرێن و پلانی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران دەستپێدەکات."
لەکۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە، "یەکەمین تاقیکردنەوەی راستەقینەی ئەم رێککەوتنە، شانەی هێورکردنەوەی شەڕی لوبنان دەبێت."
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی قەتەر و پاکستان:
"یەکەمین دانیشتنی گفتوگۆ باڵاکان لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە بۆرگێنشتاک لە سویسرا کۆتایی هات، ئەوەش بە بەشداریی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەردوو وڵاتی نێوەندگیر، دەوڵەتی قەتەر و کۆماری ئیسلامیی پاکستان.
لووتکەی دەریاچەی لوسێرن لە کەشێکی ئەرێنی و بونیادنەردا بەڕێوەچوو. پێشکەوتنی دڵخۆشکەر بەدەستهاتووە، لەنێویاندا دانانی میکانیزمێک بۆ گفتوگۆ تەکنیکییەکانی داهاتوو.
لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا، کە لە رووی سیاسییەوە سەرپەرشتیی نێوەندگیرییەکە دەکات. گەورە دانوستاندنکاران بەشێوەیەکی بەردەوام راپۆرت دەدەنە لیژنە باڵاکە، هەروەها سەرکردایەتیی ئەو گرووپانە دەکەن کە سەرنجیان لەسەر پرسی ئەتۆمی و سزاکانە، لەگەڵ گرووپێکی دیکەی چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە و پرسەکانی دیکەش بە شێوەیەکی کاریگەر.
لیژنە باڵاکە رێککەوتووە لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، کە دەبێتە بناخەیەک بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی دیکە. سەرەڕای ئەوەش، هێڵێکی پەیوەندی لەنێوان لایەنەکاندا پێکهێندراوە بۆ ئەو ماوەیەی لە بڕگەی 5ـی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بۆ رێگریکردن لە رووداو و هەڵەتێگەیشتن، بە ئامانجی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا.
جیا لەوەش، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی شانەیەکی هێورکردنەوە نەهێشتنی پێکدادان، لەنێوان لایەنەکان و کۆماری لوبنان بە ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە. گفتوگۆ تەکنیکییەکانیش بە درێژایی ئەم هەفتەیە لە سەیرانگەی بۆرگێنشتاک لەسەر سەرجەم پرسەکان بەردەوام دەبن.
وڵاتانی نێوەندگیر بەردەوام دەبن لە هەوڵە چرەکانیان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانوستاندنەکان لە کەشێکی بونیادنەردا بەردەوام بن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
دەوڵەتی قەتەر و کۆماری ئیسلامیی پاکستان سوپاس و پێزانینی زۆری خۆیان ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکان. هەروەها وڵاتانی نێوەندگیر ستایشی وڵاتانی برا و دۆست دەکەن بۆ پاڵپشتیی بەردەوام و بەشدارییە بەنرخەکەیان لە دانوستاندنە بەردەوامەکاندا."



