رووداو دیجیتاڵ
لە سویسرا بۆ ماوەی هەژدە کاژێر دانوستاندنی سەخت و درێژ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نوێی ئەتۆمی بەڕێوەچوو. سەرچاوە ئاگادارەکان و بەرپرسانی بەشداربوو بە میدیای ئەمریکایان راگەیاندووە لەنێو ژووری کۆبوونەوەکاندا چ گفتوگۆیەک کراوە و چۆن رووبەڕووی کێشەکان بوونەتەوە.
لە پشت پەردەی دانوستاندنەکانەوە چی روویدا؟
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیرەکانەوە، کۆبوونەوەکانی سویسرا کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، زۆر "سەخت بەڵام باش" بوون. ئەمانە گرنگترین ئەو شتانەن کە لەنێو کۆبوونەوەکاندا روویانداوە:
هەڕەشەکانی ترەمپ: کاتێک رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەکان دەستیان پێکرد، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیزیۆن چەندین هەڕەشەی لە ئێران کردن. شاندی ئێران لەنێو کۆبوونەوەکەدا تووڕە بوون و رایانگەیاند کە ئەمە پێشێلکردنی خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیانە، کە دەڵێت نابێت لە کاتی دانوستاندندا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکرێت.
ئێران نەکشایەوە: دیپلۆماتێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بە رۆژنامەڤانانیان گوتووە کە بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە لە کۆبوونەوەکان کشاونەتەوە، بەڵام لە راستیدا وانەبووە و بە درێژایی رۆژەکە لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بوون.
شەڕی لوبنان: دیپلۆماتە ئەمریکییەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە کێشە گەورەکان باسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بوو لە لوبنان و گفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە زۆر "گرژ" بوون.
تەنگەی هورمز: ئەمریکییەکان بەڕوونی بە ئێرانیان گوتووە کە دەبێت ئەو رێڕەوە ئاوییە بەتەواوی کراوە بێت و پێشکەوتنی باشیش لەو بارەیەوە بەدەستهاتووە.
ئەنجامێکی باش: دیپلۆماتەکە گوتی: "توانیمان نەخشەڕێگەیەک دروست بکەین کە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێتە بنەمای کارکردنمان... ئەم خولە سەرەتاییەی گفتوگۆکان، متمانەیەکی باشی بۆ داهاتوو دروستکرد."
رێککەوتن لەسەر چی کرا؟
دوای 18 کاژێر گفتوگۆی بەردەوام، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد کە "پێشکەوتنی دڵخۆشکەر" بەدەستهاتووە. گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە ئەمانەن:
1. نەخشەڕێی 60 رۆژە: هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
2. لیژنەی باڵا: لیژنەیەکی باڵای سیاسی و چەندین گرووپ دروست دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
3. تەنگەی هورمز: هێڵێکی پەیوەندیی تایبەت دروست دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی دانوستاندنەکاندا کەشتییە بازرگانییەکان بە سەلامەتی و بێ کێشە بە تەنگەکەدا دەرباز بن.
4. شەڕی لوبنان: لەگەڵ لوبنان و نێوەندگیرەکان، "شانەیەکی هێورکردنەوە" دروست دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان.
هەڵوێستی ئێران چییە؟
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، نێوەندگیرەکان توانیویانە پێشکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان. هەروەها باس لەوە دەکات، ئەمریکا رێگەی داوە ئێران نەوت بفرۆشێت و بەشێک لە پارەی سڕکراویشی بۆ ئازاد کراوە بەڵام واشنتن تائێستا ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بڕیارە تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵات تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە سویسرا بمێننەوە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان و رێکخستنی وردەکارییەکان.



