رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرما زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و باری نائاسایی راگەیێندراوە. لە فەرەنسا تەرمی دوو منداڵ لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە و لە بەریتانیاش هۆشداری درا. پسپۆڕان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی ئەم گەرمایەیە.
رۆژی دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسانی ئاسایشی فەرەنسا رایانگەیاند کە تەرمی دوو منداڵی تەمەن 2 و 4 ساڵان لە نێو ئۆتۆمبێلی خێزانەکەیان لە شارۆچکەی (کارپێنتراس) لە باشووری وڵاتەکە دۆزراونەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)، لێکۆڵەران پێیان وایە شەپۆلی گەرما هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانەیە.
فەرەنسا ئێستا لە نێو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە نائاساییەی کەشوهەوادایە و پلەی گەرمی لە هەندێک لەشارەکان گەیشتووەتە سەروو 40 پلە و لە پاریسی پایتەختیش 39 پلەی سیلیزیی تۆمار کراوە.
حکومەت هۆشداریی داوەتە خەڵک کە بۆ خۆفێنککردنەوە نەچنە نێو رووبار و دەریاچەکان، چونکە تەنیا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا 13 کەس خنکاون.
هۆشداری لە بەریتانیا
فەرمانگەی کەشناسیی بەریتانیا رۆژی دووشەممە هۆشداریی تووندی لەبارەی پلەی گەرما دەرکرد.
ئەمە تەنیا دووەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هۆشداری وەهژا بدرێت. پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە لەندەن و بێرمینگهام بگاتە 38 بۆ 40 پلەی سیلیزی.
بەهۆی ئەم دۆخەوە، چەندین قوتابخانە بڕیاریان داوە دەرگا بە رووی قوتابییاندا دابخەن و گەشتەکانی شەمەندەفەریش تووشی پەککەوتن بوون.
ئەکشای دیۆراس، توێژەری باڵا لە زانکۆی ریدینگ دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی، وایکردووە پلەی گەرما زۆر لە جاران تووندتر بێ."
ریکۆردەکان لە بەلجیکا و ئیسپانیا
دۆخی کەشوهەوا لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش ناجێگیرە. لە بەلجیکا، فەرمانگەی کەشناسی هۆشداری داوە کە پلەی گەرمای ئەم هەفتەیە دەبێتە "گەرمترین پلە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێ".
لە ئیسپانیاش، فەرمانگەی کەشناسی رایگەیاند، پلەی گەرما لە هەندێک ناوچە دەگاتە 44 پلەی سیلیزی.
لیز بێنتلی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شاهانەی کەشناسیی بەریتانیا پێشبینی دەکات هەموو ریکۆردەکانی پێشووی گەرما لە مانگی حوزەیراندا بشکێنرێن، رێک وەک ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا روویدا.
ئەم شەپۆلە گەرمایە دووەم شەپۆلی تووندە لە دوو مانگی لەسەریەکدا، دوای ئەوەی مانگی ئایاریش گەرمایەکی نائاسایی تۆمارکرا.
زانایان سوورن لەسەر ئەوەی کە دووبارەبوونەوەی ئەم شەپۆلانە نیشانەیەکی روونی گەرمبوونی جیهانییە و هۆشداری دەدەن کە لە داهاتوودا شەپۆلی گەرما درێژخایەنتر و تووندتر دەبێ.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی کەشناسیی فەرەنسا، لە کۆی 51 شەپۆلی گەرما کە لە ساڵی 1947ـەوە تۆمار کراون، 34 یان لە ساڵی 2000ـەوە بوون.



