رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیران بڕیارێکی سیمبولی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگی ترەمپ پەسند کرد، ئەمەش وەک پەیامێکی ناڕەزایەتیی نوێی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس دەبینرێت. لەکاردانەوەیدا، ترەمپ بڕیارەکەی بە "بێمانا و ناوەخت" وەسف کرد.
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 50 دەنگی بەڵێ، بەرانبەر بە 48 دەنگی نەخێر، پڕۆژەبڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگی پەسند کرد.
لەم دەنگدانەدا، 4 سیناتۆری کۆماری (سوزان کۆلینز، لیسا مۆرکۆسکی، راند پۆڵ و بیڵ کاسیدی) هاوشانی دیموکراتەکان دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکە دا.
بڕیارەکە دەخوازێت ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە ململانێی ئێران بکشێنێتەوە، و بۆ بەردەوامیدان و دەستپیکردنی جەنگ مۆڵەت لەکۆنگرێس وەربگیرێت مەگەر تەنیا لە کاتی هەڕەشەیەکی دەستبەجێدا بێت بۆ سەر ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی.
لەبەر ئەوەی بڕیارەکە لە جۆری بڕیاری هاوبەشە(Concurrent Resolution)، ناچێتە بەردەم ترەمپ بۆ واژۆکردن و هێزێکی یاسایی جێگیر و پابەندکەری نییە، بۆیە وەک هەنگاوێکی سیمبولیی دەبینرێت.
ترەمپ: ئێرانم خستووەتە سەر چۆک
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە (ترووس سۆشیاڵ) هێرشی کردە سەر کۆنگرێس و ئەم هەنگاوەی بە "بێمانا و ناوەخت" وەسف کرد.
ترەمپ نووسیویەتی: "من ئێرانم خستووەتە سەر چۆک و ئامادەی کەوتنە، کەچی ئەنجوومەنی پیران بڕیار دەدات دەسەڵاتەکانم سنووردار بکات."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەمە بڕیارە کارەکەی ئەو قورستر دەکات، بەڵام گوتی: "من هەر چۆنێک بێت کارەکە تەواو دەکەم، چونکە هەمیشە سەرکەوتوو دەبم."
یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ و دەستوور
پشتیوانانی ئەم بڕیارە دەڵێن، بەپێی دەستووری ئەمریکا، تەنیا کۆنگرێس مافی راگەیاندنی جەنگی هەیە نەک سەرۆک. ئەم پڕۆژەبڕیارە پێشتر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسند کرابوو و بەپێی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی ساڵی 1973، پێویستی بە واژۆی سەرۆک نییە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ دەڵێ، ئەم جۆرە بڕیارانە نادەستوورین و پابەندکەر نین، بەڵام ئەمە وەک بەربەستێکی سیاسیی گەورە لە بەردەم رێڕۆی سەربازیی ترەمپ دەبینرێت.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی تێکچوونی باری ئابووریی جیهانیی و داخستنی تەنگەی هورمز.
بەهۆی جەنگەکەوە دابەشبوونی سیاسیی لە نێوخۆی واشنتن گەیشتووەتە لووتکە. ئەنجومەنی پیران دەیەوێ رێگری لە هەر جۆرە شەڕێکی نوێ بکات تاوەکو بارودۆخی سیاسیی وڵاتەکە پارێزراو بێت.



