رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە پێشتر ترەمپ گوتبووی "کارتەکانی دەستی کەمە" بۆ بردنەوە، بە باشی لە جەنگی دژی هێزەکانی رووسیادا بەرگری دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 25-06-2026، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی گوتی: "ئەو دۆخی زۆر باشە. لانیکەم بەرگەی گرتووە و خۆی راگرتووە. خەڵکێکی زۆر لە هەردوولا دەمرن، بەڵام پێموایە دۆخی زۆر باشە."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئازایەتیی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد و گوتیشی: "دەبێت بڵێیت ئەو ئازایە، کەلوپەلی نایابی هەیە، بەڵام پیاوی نایابیشی هەیە، ئەو جەنگاوەری هەیە."
ترەمپ و زیلینسکی لەم دواییانەدا لە کاتی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا کۆبوونەوە، کە تێیدا سەرکردەکانی جیهان رێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر رووسیا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی زیاتر لە چوار ساڵەی سەر ئۆکراینا.
دوای کۆبوونەوەکە، زیلینسکی لە ئێکس نووسیبووی، ئەو "سوپاسگوزاری سەرۆک ترەمپە بۆ سەرنجی لەسەر ئۆکراینا و ئامادەیی ئەو بۆ یارمەتیدان لە نزیککردنەوەی ئاشتی."
دوای ئەم کۆبوونەوەیە، ترەمپ ئارەزووی خۆی بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر نەوتی رووسیادا پیشان دایەوە. ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە پێش لووتکەی G7، واشنتن لێخۆشبوونی سزاکانی بۆ بارە نەوتییەکانی رووسیا لە دەریا درێژکردبووەوە، کە ئەم بڕیارە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نیگەران کردبوو.


.jpg&w=3840&q=75)
