رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا بڕی 150 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بەپەلە بۆ ڤەنزوێلا تەرخان کرد، ئەوەش دوای ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی کە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 188 کەس. ئەم هاوکارییە لە کاتێکدایە کە تیمەکانی فریاگوزاریی لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێگەوەن.
رۆژی پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاکێجی هاوکارییەکە لە دوو بەشی سەرەکیی پێکدێت. بەشێکیان بڕی 50 ملیۆن دۆلارە کە راستەوخۆ دەدرێتە ئەو گرووپە مرۆییانەی ئێستا لە نێو ڤەنزوێلادا کار دەکەن. بەشەکەی دیکەشیان بڕی 100 ملیۆن دۆلارە و وەک بەخشین دەدرێتە سندووقی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی ئەو وڵاتە.
قەبارەی کارەساتەکە و هەوڵەکانی رزگارکردن
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند و زیانێکی یەکجار زۆریان بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاند. بەگوێرەی دواین ئامارەکان، ژمارەی مردووان گەیشتووەتە 188 کەس و 1,520 کەسیش برینداربوون. تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن هێشتا لە نێو داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن.
ئەمە یەکەم جارە لە دوای چەندین ساڵ، واشنتن بەم قەبارە گەورەیە هاوکاریی دارایی ڤەنزوێلا بکات.


.jpg&w=3840&q=75)
