رووداو دیجیتاڵ
لە شاری برێدای هۆڵەندا، کۆڕێکی فراوان بۆ تاوتوێکردنی پرسی کورد و ئایندەی کوردستان بەڕێوەچوو؛ تێیدا تیشک خرایە سەر مێژووی دابەشبوونی کوردستان و ئەو ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییانەی رووبەڕووی گەلی کورد دەبنەوە.
کۆڕەکە لەلایەن رێکخراوی (ساز-کوردن) بە هاوکاری (ناوەندی جیهانیی برێدا) لەژێر ناونیشانی "کوردستان لە سەردەمە پڕ لە ئاڵۆزییەکاندا" رێکخرابوو، کە تێیدا دکتۆر یۆست یۆنگەردن، پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆی واگنیگن، وەک میوانی سەرەکی تیشکی خستە سەر مێژوو، کولتوور و دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان و ئەو ململانێیانەی کورد بۆ مانەوەی خۆی ئەنجامی داون.
هانس هۆڵمانس، بەرپرسی بازرگانی لە کۆمپانیاکانی نەوتی شێڵ، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆڕەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سیمینارە تێڕوانینێکی نوێی بۆ ناسینی کورد پێبەخشیوە و گوتی: "ئەمە وەک چاوکرانەوەیەک بوو بۆ من تاوەکو تێبگەم چۆن کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە. ئینگلیزەکان لە ڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە سنوورگەلێکی ناسروشتییان کێشا، کە تاوەکو ئێستاش کێشەی گەورە بۆ کورد دروست دەکات."
زیاتر لە 50 کەسایەتیی هۆڵەندی، لەوانە بەرپرسانی حکومی، ئەکادیمیستان و چالاکڤانان لە کۆڕەکەدا ئامادەبوون. ئامانجی سەرەکیی چالاکییەکە دروستکردنی هۆشیاری بوو لەنێو کۆمەڵگەی هۆڵەندیدا سەبارەت بە پرسی کورد، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارەی ناوچەکەدا.
یان هۆپمان، پسپۆڕی فەلسەفە، رەخنەی لە کەمیی گرنگیدانی لایەنە سیاسییەکان و میدیاکانی ئەورووپا بە پرسی کورد گرت و رایگەیاند: "بەداخەوە لەلایەن سیاسەتڤانان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە گرنگییەکی کەم بەم پرسە دەدرێت، بۆیە پێویستە بزانین چۆن دەتوانین زیاتر کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین."
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، باس لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان کرا، وەک نموونەی ئیرادەی گەلێک کە دەیەوێت لەناو ئاشتی و دیموکراسیدا بژی.
ئەنتۆن ئۆڤەربۆم، نووسەر و شاعیر، باسی لە کاریگەریی زانیارییەکان کرد و گوتی: "بیستنی راستییەکان و بینینی وێنەی ناوچە شاخاوییەکان، وایکرد رەوشەکە بە نزیک لە خۆم بزانم. دوای بیستنی ئەم راستییانە، جۆرێک لە هەستی بێزاری و بێدەسەڵاتی لای مرۆڤ دروست دەبێت کە دەپرسێت: ئەی چی بکەین؟ پێموایە دەبێت خەڵک راستییەکان بزانن و هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین پاڵپشتیی کورد بکەین."
سەعدیە محەممەد عەلی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی رێکخراوی (ساز-کوردن)، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیالۆگانە کردەوە. رێکخراوەکە و ناوەندی جیهانیی برێدا بەڵێنیان دا کە ئەم کۆڕە تەنیا سەرەتایەک بێت بۆ دیالۆگێکی بەردەوام، بە مەبەستی بەزیندوویی هێشتنەوەی دەنگی کورد لە ناو جەرگەی ئەورووپادا.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)