رووداو دیجیتاڵ
دێڵسی رۆدریگز، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەڵێت، ژمارەی مردووان لە ئەنجامی دوو بوومەلەرزە بەهێز و یەک لە دوای یەکەکەی باکووری وڵاتەکەی بۆ 589 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار و نۆ سەد و هەشتا کەسیش بریندارن.
سەرۆکی ڤەنزوێلا رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026 رایگەیاند، تیمە پزیشکییەکان شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان. زۆربەی هەرە زۆری مردوو و بریندارەکان لە ویلایەتی کەناراویی (لا گوایرا)ن.
ئەو ویلایەتە کە دەروازەی سەرەکیی دەریایی و ئاسمانییە بۆ گەیشتن بە شاری کاراکاسی پایتەخت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (سیمۆن بۆلیڤار)ی تێدایە. بەهۆی زیانی زۆری باڵەخانەکانییەوە فڕۆکەخانەکە بۆ کاتێکی نادیار بە رووی گەشتەکاندا داخراوە.
دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەهۆی قەرەباڵخیی نەخۆشخانەکانەوە دەستیان کردووە بە دروستکردنی نەخۆشخانەی مەیدانیی کاتی لە سەرانسەری ناوچە کەناراوییەکان.
دوا نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بە کاتی کاراکاس، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلە روویدا و تەنیا 39 چرکە دوای ئەوە، بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە هەمان شوێنی هەژاند.
حکومەتی ڤەنزوێلا دەڵێت، لەو کاتەوەی دوو بوومەلەرزەکە روویانداوە، 138 پاشلەرزە تۆمارکراون؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بوومەلەرزەکان زیانیان بە لانیکەم 346 ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندووە، لەوانەش 250 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و 20 سەنتەری بازرگانی.
سەرەڕای پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ زۆر وڵات، چەندین وڵات بڕیاریان داوە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی و تیمە پسپۆڕەکانیان رەوانەی ڤەنزوێلا بکەن، وەک ئەمریکا، بەرازیل، کۆڵۆمبیا و چەندین وڵاتی دیکە.

.jpeg&w=3840&q=75)
