رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی کرد کە گومرگ بە رێژەی 100٪ دەخاتە سەر هەر وڵاتێکی ئەورووپا کە باج لەسەر خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان دادەنێ؛ هەروەها هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێککەوتنە بازرگانییەکانیانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کرد ئەو رێکارە جێبەجێ دەکەن.
رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا، ترەمپ نووسی: "هەر وڵاتێک باجی لەو شێوەیە بسەپێنێت، دەستبەجێ رووبەڕووی باجی گومرگی بەڕێژەی 100% دەبێتەوە لەسەر سەرجەم ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئەمریکای دەکات."
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەم باجە جێگەی هەموو ئەو رێککەوتنە بازرگانییانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کراون، ئینجا بچنە واری جێبەجێکردنەوە، واژۆ کرابن، یان واژۆ نەکرابن."
ئەو هەنگاوەی ترەمپ تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا گلۆپی سەوزیان بۆ رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵکرد کە ساڵی رابردوو دانوستاندنـی لەسەر کرابوو. لەو رێککەوتنەدا، زۆرترین رێژەی باج لەسەر هاوردەکانی ئەورووپا بە 15٪ دیاریکراوە.
یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی داوە کە ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکەی بۆ سەپاندنی باج جێبەجێ بکات، ئەوا ئەوانیش بەخێرایی وەڵامی دەدەنەوە.
گوتەبێژێکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا یەکێتیی ئەورووپا بەخێرایی و بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە وەڵام دەداتەوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکان و سەربەخۆیی خۆی لە پرسە رێکخستنییەکاندا."
لە ماوەی رابردووشدا ترەمپ هەڕەشەی کرد کە ئەگەر پاریس باجی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆجیەکان هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوا باجی 100% دەخاتە سەر شەرابی فەرەنسی.


