رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، رێککەوتنە چوارچێوەییەکەی نێوان وڵاتەکەی و لوبنان "گورزێکی گەورەیە بۆ ئێران". ئەو جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا دوو لەو ناوچانەی داگیریان کردووە، چۆڵ دەکەن بۆ ئەوەی سوپای لوبنانی لێ بڵاو بکرێتەوە. بەڵام گوتی: "ئێمە بەردەوام پارێزگاری لە ناوچە ئەمنییە رەسەنەکەمان دەکەین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "لەگەڵ لوبنان چوارچێوەیەکمان بۆ کارکردن واژۆ کردووە کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتن لە داهاتوودا."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوچە فراوانەی کە سوپای ئیسرائیل داگیری کردووە، گوتی: "ئیسرائیل لە ناوچە ئارامەکەی باشووری لوبنان دەمێنێتەوە، ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە و تاوەکو حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، ئێمە دەیپارێزین."
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێورەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گوتی: "ئەو رێککەوتنەی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کرا، سەرەتای سەرەتایە بۆ رێگەیەکی درێژ بەرەو ئاشتی و سەقامگیری." روبیۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکەی بە "یەکەم هەنگاو" بۆ گێڕانەوەی ئاسایش بۆ هەردوو وڵات ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلی لوبنان "بۆ چەندین دەیە بەدەست دەستوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی خاکەکەیانەوە وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردن ناڵاندوویانە،" هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لوبنانییەکان "شایستەی وڵاتێکی گەشەسەندوو و ئارامن وەک رابردوو، کە تێیدا رۆڵەکانی پێکهاتە و پاشخانە جیاوازەکان شانبەشانی یەکدی بژین."
ئێوارەی رۆژی هەینی، لوبنان و ئیسرائیل "رێککەوتنێکی چوارچێوەیی"ـیان واژۆ کرد، ئەوەش دوای 4 رۆژ لە دانوستاندن کە لە واشنتن بە چاودێریی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەمە وەک یەکەم پێشکەوتنی گەورە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵدەدات ئارامییەکە جێگیر بکات و رێکارەکانی جێبەجێکردنی خێراتر بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو کە لوبنان و ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی و پاشکۆیەکی ئەمنی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە مارکۆ روبیۆ راستەوخۆ بەشداریی لە دانوستاندنـەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا کردووە، کە لە واشنتن بەڕێوەچوون بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەسەر ئەو ناوچانەی کە دەبێت سوپای ئیسرائیل لێیان بکشێتەوە.


