رووداو دیجیتاڵ
جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەردەبڕێ. ویڵسن باس لەوە دەکات، پێویستە بەغدا لەژێر هەژموونی تاران دەرەبچێت.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، جۆ ویڵسن بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە باشترینمان بۆ خەڵکی عێراق دەوێ. بینینی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە، جێگەی دەستخۆشییە، چونکە هەموو وڵاتێک ئاستی جیاوازی گەندەڵی هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێ."
ئەو کۆنگرێسمانە ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی تایبەتی بە عێراقەوە هەیە، چونکە دوو کوڕی وەک سەرباز لەوێ خزمەتیان کردووە. ویڵسن گوتی، "دوو کوڕە گەورەکەم لە عێراق خزمەتیان کردووە. یەکێکیان لە تۆپخانەی مەیدانی و ئەوی دیکەشیان وەک پزیشک لە هێزی دەریایی. ئەوان سۆز و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ خەڵکی عێراق بۆ دروست بووە."
هۆشداری لە هەژموونی ئێران
جۆ ویڵسن رەخنەی تووندی لە دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق گرت و داوای کرد حکومەتی نوێی عێراق کۆتایی بەو هەژموونە بهێنێت. ویڵسن بە رووداوی گوت، "هیوادارم هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ نەهێشتنی کاریگەرییە خراپەکانی ئێران لە وڵاتەکەدا؛ ئەو ئێرانەی کە دروشمی 'مردن بۆ ئەمریکا' بەرز دەکاتەوە. پێویستە عێراق لەوان دوور بکەوێتەوە."
ویڵسن ئێرانی بە سەرچاوەی ناسەقامگیری و کوشتنی عێراقییەکان ناوبرد و گوتی، "دەزانین کە بۆمبە چێندراوەکان و هێرشە سەربازییەکان بۆسەر سڤیلەکانی عێراق، لە راستیدا لە ئێرانەوە بوون."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو کۆنگرێسمانە لەبارەی پلانی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا قسەی کرد و گوتی، "زۆر بەهیوام بە سەرۆکوەزیرانی نوێ و کارکردنی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئێران هەیە. ئێمە دەمانەوێ عێراقییەکان هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیان هەبێت."
قسەکانی جۆ وێڵسن لەکاتێکدان، رۆژی یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێ.
دەقی پرسیار و وەڵام:
رووداو: هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق چۆن دەبینیت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە گەندەڵی و گرووپە میلیشیاکانەوە هەیە؟
جۆ ویڵسن: من زۆر گەشبینم و ئێمە باشترینمان بۆ خەڵکی عێراق دەوێ. هەمیشە حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم کە دوو کوڕە گەورەکەم لە عێراق خزمەتیان کردووە، [یەکێکیان] لە تۆپخانەی مەیدانی و [ئەوەی دیکەشیان وەک] پزیشک لە هێزی دەریاییدا و ئێمە باشترینمان بۆ خەڵکی عێراق دەوێت.
بۆیە بینینی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە، چونکە هەموو وڵاتێک ئاستی جیاوازی گەندەڵی هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێ، من زۆر سوپاسگوزارم کە دەبینم ئەو هەنگاوانە دەندرێن.
جگە لەوەش، هیوادارم هەموو هەوڵێک بدرێ بۆ نەهێشتنی هەژموون و کاریگەرییە خراپەکانی ئێران لە وڵاتەکەدا، ئەو ئێرانەی کە دروشمی مردن بۆ ئەمریکا بەرز دەکاتەوە. پێویستە عێراق لەوان دوور بکەوێتەوە و رێزیان لێ نەگرێ. لە سەرووی هەمووشیانەوە، دەزانین کە بۆمبە چێندراوەکان و هێرشە سەربازییەکان بۆسەر خەڵک و سڤیلەکانی عێراق، لە راستیدا لە ئێرانەوە بوون.
بۆیە دووبارە و چەند بارە، من زۆر بەهیوام بە سەرۆکوەزیرانی نوێ و کارکردنی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و هاتنی بۆ واشنتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی کاریگەرییەکانی ئێران هەیە، کە زۆر نەرێنییە و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقە. ئێمە دەمانەوێ عێراقییەکان هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیان هەبێت. کوڕەکانم لەوێ بوون و بەڕاستی سۆز و خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ خەڵکی عێراق بۆ دروست بووە.
رووداو: زۆر سوپاس.



