رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەو هاوپەیمانییە بە کارێکی "پێکەنیناوی" وەسف کرد. دەشڵێت، وڵاتانی ئەورووپا لە کاتی تەنگانە دا پشتیان لە ئەمریکا کردووە. کەمتر لە هەفتەیەک پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) نووسیویەتی: "بەردەوامبوونی ئەمریکا لەسەر ئەم پەیوەندییە یەکلایەنەی لەگەڵ ناتۆ کارێکی پێکەنیناوییە. ئەوان لە کاتی پێویست دا بۆ ئێمە لێرە نەبوون!" سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکانی واشنتن و ناتۆ "دوولایەنە و هاوسەنگ" نین. ترەمپ پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە هەڵوێستیان لە جەنگی ئێران دا؛ کاتێک چەند وڵاتێکی ئەورووپی رێگرییان کردبوو لەوەی هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی سەر خاکی ئەوان بۆ مەبەستی سەربازی بەکار بهێنن. ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت ئەورووپا خۆی رۆڵی سەرەکیی لە بەرگریکردن لە خۆی بگێڕێت، هەر بۆیە ئیدارەکەی دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی پابەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بەو هاوپەیمانییە. لە پۆستەکەی دا، ترەمپ خشتەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێی دا بڕی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ نیشان دەدات. بەگوێرەی خشتەکە، واشنتن زۆر زیاتر لە وڵاتانی دیکە پارە بۆ بودجەی بەرگریی هاوپەیمانییەکە خەرج دەکات. پار لەژێر گوشاری ترەمپ دا، سەرکردەکانی ناتۆ رێککەوتن کە تاوەکو ساڵی 2035 خەرجییە بەرگرییەکانیان بۆ 5٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بەرز بکەنەوە. بڕیارە لووتکەی داهاتووی ناتۆ بە بەشداریی 32 وڵاتی ئەندام، لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوە بچێت، کە پێشبینی دەکرێت پرسی خەرجییە سەربازییەکان تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بێت. هاوپەیمانیی ناتۆ کە لە ساڵی 1949 دامەزراوە، بۆ ماوەی چەندین دەیەیە وەک چەترێکی ئەمنیی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەورووپا و بەرگرتن لە هەژموونی رووسیا سەیری دەکرێت، بەڵام لە سەردەمی ترەمپ دا ئەم تێڕوانینە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
جیهان03-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان: دیاردەی ئێل نینۆ بەهێز دەبێت و مەترسیی کەشوهەوای تووند زیاد دەکات