رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە ئەو گەرما و شێیە توندەی ئێستا ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە، لە کاتێک دا وڵاتەکە میوانداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات، ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا نەبووایە "مەحاڵ بوو" روو بدات.
رۆژی هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، تیۆدۆر کیپینگ، توێژەری کەشوهەوا لە کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن و یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە رایگەیاند: "لە کاتێک دا ئەمریکا یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، توێژینەوەکەمان راستییەکی تاڵمان نیشان دەدات؛ ئەو کەشوهەوایەی ئێستا وڵاتەکە هەیەتی، بە تەواوی جیاوازە لەوەی لە کاتی واژۆکردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی لەلایەن باوکانی دامەزرێنەرەوە هەیبووە."
توێژەران لە چەندین دامەزراوەی زانستیی جیهانییەوە بەشدار بوون و لێکۆڵینەوەیان لەو گەرمایە کردووە، کە هەوایەکی گەرم و شێدار وەک سەرپۆشێک ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا و باشووری کەنەدای داپۆشیوە و پلەکانی گەرما لە زۆرینەی ناوچەکان لە 38 پلەی سیلیزی تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی رێژەی شێوە، زۆر لەوە گەرمتر هەستی پێدەکرێت.
توێژەران لە رێگەی مۆدێلە جیهانییەکانەوە بەراوردیان لە نێوان جیهانی ئێستا و جیهانێکی بێ گۆڕانی کەشوهەوا دا کردووە. گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە جیهانێکی بێ گۆڕانی کەشوهەوا دا، روودانی گەرمایەکی لەم شێوەیە ئەوەندە دەگمەن دەبوو، تەنیا لە هەر پێنج هەزار ساڵێکدا جارێک ئەگەری روودانی دەبوو، واتە بە کردەیی مەحاڵ بوو.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تەنانەت لە کەشوهەوای ئێستاش دا ئەم گەرمایە هێشتا وەک رووداوێکی دەگمەن ئەژمار دەکرێت کە لە هەر 200 ساڵێکدا جارێک روودەدات.
توێژەران کاریگەریی دیاردەی "ئێل نینیۆ"ـشیان تاقی کردووەتەوە، بەڵام دەرکەوتووە کاریگەریی ئەو دیاردەیە لەسەر ئەم شەپۆلە گەرمایە زۆر کەمبووە.
ئەم بارودۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر یارییەکانی مۆندیال دروست کردووە. بۆ نموونە یاریی نێوان فەرەنسا و پاراگوای کە بڕیارە لە 4ـی تەممووز لە فیلادلفیا بەڕێوە بچێت، پێشبینی دەکرێت لەژێر گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن دا بێت. هەر لەبەر ئەمەشە یەکێتیی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەر داوای کردووە یارییەکان دوا بخرێن، چونکە ئەو ئاستەی گەرما و شێ بۆ یاریزانان و هاندەران "مەترسیدار و ناتەندروستە".




