رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە بڕیارێکی دادگە ناچار کرا ئەو رێنماییە هەڵبوەشێنێتەوە کە پێشتر رێگریی لە پێدانی وڵاتینامەی بەریتانی بەو پەنابەرانە دەکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. ئەوانەی پێشتر داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، شەش مانگ مۆڵەتیان هەیە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ داواکاری پێشکەش بکەنەوە.
لە مانگی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیارێکی توندی دەرکرد کە بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی (لە رێگەی بەلەم یان هەر رێگەیەکی دیکەوە) چووبێتە نێو خاکی بەریتانیا، بۆ هەمیشە بێبەش دەکرێت لە وەرگرتنی پاسپۆرتی ئەو وڵاتە. ئەو بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران، بەتایبەتی کوردانی دانیشتووی بەریتانیا هەبوو، کە بەو هۆیەوە لە چەند مانگی رابردوودا داواکاریی چەندین کەسیان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە رەتکرایەوە.
دوابەدوای بڕیارەکە، پارێزەرانی چوار کۆچبەر سکاڵایەکی یاساییان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کرد. لە ئەنجام دا، دادگەی بەریتانیا بڕیاری دا کە وەزارەتی ناوخۆ ناچار بکات رێنماییەکانی بگۆڕێت و پێداچوونەوە بەو دۆسیانە دا بکات کە پێشتر رەت کراونەتەوە. دادگە هەروەها وەزارەتەکەی ناچار کردووە کە خەرجیی پارێزەرانی سکاڵاکارانیش لە ئەستۆ بگرێت.
لە بڕیارەکەی دادگەدا هاتووە، نابێت تەنیا بە بیانووی گەیشتنی نایاسایی، داواکاریی کۆچبەرێک بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە رەتبکرێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە منداڵ بووبێت، یان قوربانیی دەستی قاچاخچییان بووبێت.
دوای ئەم بڕیارەی دادگە، ئەو کۆچبەرانەی کە پێشتر بەهۆی ئەو رێنماییەی وەزارەتی ناوخۆوە (هۆم ئۆفیس) داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، دەتوانن دەستبەجێ داوای پێداچوونەوە بکەن، بەڵام مەرجە لە ماوەی شەش مانگ دا سەرلەنوێ داواکارییەکانیان پێشکەش بکەنەوە.


