رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقەکردن لەنێو سەنتەرێکی بازرگانی لە شاری دیاربن لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا، کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس دەڵێ، گومانلێکراوی سەرەکی دەستگیر کراوە.
رۆژی هەینی 3ی تەممووزی 2026 پۆلیسی شاری دیاربن رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوێکی تەقەکردن لەنێو مۆڵی (فیێەرلەین تاون سەنتەر) دەستپێکردووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی میشیگن (کاژێر 09:00 بە کاتی هەولێر) دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەنێوان چەند کەسێک روویداوە.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن، پاش بیستنی دەنگی تەقە، شڵەژان و ترس لەنێو کڕیاراندا دروستبووە و زۆربەیان بەرەو دەرگەکانی مۆڵەکە هەڵاتوون.
لەبارەی کوژراوەکانەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە هاووڵاتییەکان دوای برینداربوونی، گیانی لەدەستداوە و دوو کەسەکەی دیکەش بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
فەرماندەیی پۆلیسی دیاربن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گومانلێکراوەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە.
شاری دیاربن یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەوەندی عەرەبی و موسڵمان لە ئەمریکا.
بەگوێرەى سەنتەرى توێژینەوەى (پیو)، ساڵانە لە ئەمریکا 44 بۆ 48 هەزار کەس بەهۆی تەقەکردن گیانلەدەستدەدەن.



