رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی دیکەی لە بارەی لێکۆڵینەوەکانی جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسی رەتکردەوە و بە دادوەرێکی فیدراڵی گوت، پێشتر بە تەواوی پابەندی یاساکە بووە.
دادگە مۆڵەتی دابووە وەزارەتی داد بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی 12 بەڵگەنامەی نهێنی ئاشکرا بکات یان هۆکارێک بۆ بڵاونەکردنەوەیان روون بکاتەوە؛ وەزارەتەکەش تەنیا چەند کاژێرێک پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، رەتیکردەوە ئەو بەشانەی کە رەشکرابوونەوە بڵاوبکاتەوە.
ئەو بەڵگەنامانە لانیکەم هەشت نامەی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرن کە باس لە "ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان" و سێکسکردن لەگەڵ کچانی مێرمنداڵ دەکەن؛ هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێک کە دەڵێت کاتێک مێرمنداڵ بووە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.
تۆد بڵانچ، داواکاری گشتیی ئەمریکا بە وەکالەت، لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە بە دادوەر ئیمێت سولیڤانی گوت، وەزارەتەکەی "کات و سەرچاوەیەکی زۆری" بۆ پێداچوونەوە بە زیاتر لە 6 ملیۆن بەڵگەنامە تەرخان کردووە تاوەکو پابەندی یاسای شەفافیەتی دۆسیەکانی ئێپستین بێت.
ستانلی ودوارد، یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئەمریکا نووسیویەتی: "بڵاوکردنەوەی کۆپی رەش نەکراوەی زۆر لەو بەڵگەنامانە پێچەوانەی یاسایە و هیچ شتێکیش ناچارمان ناکات ئەو کارە بکەین."
وەزارەتی داد باس لەوە دەکات، هەندێک لە بەڵگەنامەکان زانیاریی تێدایە دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی ناسنامەی قوربانییەکان، یان زیان بە لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان دەگەیێنێت. ودوارد ئاماژەی بەوەش کرد، رەشکردنەوەی بەشێک لە نامەکان بۆ پاراستنی ناوی قوربانییەکان و ناونیشانی ئیمەیڵە تایبەتییەکانیان بووە.
سەبارەت بە رەشنووسی تۆمەتنامەیەک لە فلۆریدا، وەزارەتی داد دەڵێت ئەو بەڵگەنامەیە لە بنەڕەتدا هەر رەشکرابووەوە و ئەوان نەیانتوانیوە کۆپییە رەسەنەکەی بدۆزنەوە. هەروەها سەبارەت بە تێبینییەکانی پۆلیسی فیدرالیی ئەمریکا، ئاماژە بەوە کراوە بەهۆی "کێشەی تەکنیکی" و ئەوەی تێبینییەکان بە دەست نووسراون، نەیانتوانیوە بە تەواوی زانیارییە تایبەتییەکانی قوربانییەکانی لێ جیا بکەنەوە.
ئەم ململانێیە یاساییە دوای سکاڵای کەیتی فانگ، پارێزەر و رۆژنامەڤانی سەربەخۆ دێت، کە وەزارەتی دادی تۆمەتبار کردووە بەوەی زانیارییەکان دەشارێتەوە و یاسای شەفافیەتی پێشێل کردووە.



