رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 90 خولەکیدا باسیان لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا کردووە و ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری دەربڕیوە.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ترەمپ رۆژی شەممە، کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی سەربەخۆیی ئەمریکا، ئەو پەیوەندییەی کردووە؛ ئەوەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ کە بڕیارە رۆژی 7-8ی ئەم مانگە لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش رایگەیاند، ئەویش لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە. ئوشاکۆڤ سەبارەت بە ناوەڕۆکی قسەکانی ترەمپ لەگەڵ پووتین گوتى، "سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە ئامادەیی خۆی کردەوە بۆ کارکردن بە ئاراستەی کۆتاییهێنانێکی خێرا بە شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە."
یاریدەدەرەکەی سەرۆکی رووسیا، کە گفتوگۆکەی بە "بنیاتنەر" ناوبرد، ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا بەدوای چارەسەرێکی سیاسی-دیپلۆماسیدا دەگەڕێت کە رەچاوی بنەما سەرەکییەکانی مۆسکۆ بکات.
ئوشاکۆڤ لایەنە ئەورووپییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت شەڕەکە درێژە بکێشێت و پەرە بستێنێت. گوتیشی، پووتین "وێنەی راستەقینەی مەیدانی شەڕەکەی" بۆ ترەمپ روون کردووەتەوە کە تێیدا هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە پێشڕەوی.
فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا رۆژی هەینی بە پووتینیان راگەیاندبوو، شاری ستراتیژیی (کۆستیانتینیڤکا)یان لە هەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام زیلینسکی و سوپای ئۆکراینا رۆژی شەممە ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە و گوتیان هێزەکانی کێیڤ هێشتا کۆنترۆڵی شارەکەیان لەدەستدایە.
ئوشاکۆڤ لە زمانی ترەمپەوە رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردەکانی ترەمپ، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئامادەن جارێکی دیکە سەردانی مۆسکۆ بکەنەوە.



