رووداو دیجیتاڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، لە بارەگای نوێی وەزارەتەکەی، کە بە بارەگای (مانگ و ئەستێرە) ناسراوە بە پێشوازییەکی فەرمی پێشوازی لە وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد. لە چوارچێوەی 36ـەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ، بۆ یەکەم جار دەرگاکانی بارەگای هاوبەشی بەرگری "مانگ و ئەستێرە" کە ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە، بە رووی وەزیرانی بەرگریی ناتۆدا کرانەوە. یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە گوتارێکدا دڵخۆشیی خۆی بۆ میوانداریکردنی وەزیرەکان لەم کۆمەڵگە نوێیەدا دەربڕی و رایگەیاند: "دیزاینی ئەم کۆمەڵگەیە ئیلهامی لە مانگ و ئەستێرەی سەر ئاڵای تورکیاوە وەرگرتووە، و تەواوی پێکهاتەی فەرماندەیی سەربازی و بەرگری لەژێر یەک بارەگا کۆدەکاتەوە." گولەر ئاماژەی بەوەش کرد کە بارەگاکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بارەگاکانی بەرگری لە جیهاندا. وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی: "بە کۆکردنەوەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتی و فەرماندەیی هێزەکان لەژێر یەک چەتردا، ئامانجمانە توانای ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بگەیەنینە بەرزترین ئاست." ئاسایشی بارەگاکە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی (گومەزی پۆڵایین) بە بەرزترین ئاستی رێوشوێنی بەرگریی ئاسمانی و وشکانی و مۆدێرنترین سیستمی تەکنەلۆژی دابین دەکرێت و وەک یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی تورکیا لە بواری ژێرخانی سەربازیدا دەبینرێت، کە هاوشێوەی بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ـە. کردنەوەی یەکەم قۆناخی ئەم بارەگایە لەگەڵ بەڕێوەچوونی 36ـەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، پەیامێکی روونی هێزی سەربازی و تەکنەلۆژیی تورکیایە بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ. هەروەها بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی (گومەزی پۆڵایین) کە سیستمێکی نیشتمانیی تورکیایە بۆ پاراستنی ئەم بارەگایە، نیشاندەری هەوڵەکانی ئەنقەرەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سیستمی بەرگریی دەرەکی و سەپاندنی پێگەی خۆی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا. بارەگای مانگ و ئەستێرە، بارەگایەکی هاوبەشی بەرگریی تورکیایە کە لە شاری ئەنقەرە، لەسەر رووبەری 12 ملیۆن و 620 هەزار مەتر دووجا دروست کراوە. ئامانج وایە کە وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپا، فەرماندەییەکانی هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی و سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە یەک کۆمەڵگەی سەربازی-بەرگری کۆبکاتەوە. ئەو بارەگایە لەسەر شێوەی مانگ و ئەستێرە دروست کراوە کە ئیلهامی لە ئاڵای تورکیا وەرگرتووە. لە 30ـی ئابی 2021 بەردی بناخەی دانراوە و بڕیارە لە ساڵی 2028 تەواو بکرێت.
جیهان08-07-2026لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە؛ 50 ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەک تەرخان دەکات و هۆشداری دەداتە ئێران