رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک رۆژی پێنجشەممە 09-07-2026 هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ گوتی، ئاگربەست کۆتایی هاتووە.
دوای ئەوەی هەردوولا رۆژی چوارشەممە بۆردوومانی توندی یەکدییان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد کە بۆردوومانەکان بە خێرایی کۆتاییان بێت.
هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشە نوێیەکانیان بۆ سەر ئێران بە ئامانجی لاوازکردنی "توانای تاران لە هەڕەشەکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدایە،" ئەمەش دوای ئەوەی ئێران لە رۆژانی رابردوودا هێرشی کردبووە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لەو رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا.
بۆردومانی 90 ئامانجی سەربازی لە ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کردووە.
میدیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پردێکی شەمەندەفەری گرنگیان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری بەندەری بوشێهر (کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی لێیە) تێکشکاندووە.
هەروەها دەنگی فڕۆکەی جەنگی بەسەر دوورگەی کیش بیستراوە و تەقینەوە بەهێزەکان شارە کەناراوییەکانی بەندەر عەباس، کۆناراک و چابەهاریان هەژاندووە، کە بووەتە هۆی بڕانی کارەبای بەشێکی چابەهار.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە لەو هێرشانەی دوێنێی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان. ئەگەر دووبارە ببێتەوە، زۆر خراپتر دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئێیەر فۆرس وەن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، نوێنەرانی تاران "پەیوەندییان پێوەکردووین" و "بە پەرۆشەوە دەیانەوێت رێککەوتن بکەن،" ئەگەرچی ترەمپ گومانی لە خواستەکەیان پیشاندا و بە "کەمێک شێت" وەسفی کردن.
وەڵامی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ بنکەکانی ئەمریکا
لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنی تووندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.
دەنگی تەقینەوەی گەورە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بیسترا، کوێتیش بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بەسەر ئاسمانی بنکەکانییەوە راگەیاند.
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، هێرشەکانی پێشووی ئێران زیانی گیانیی یان مادیی گەورەی لە بنکەکانی ئەمریکادا لێنەکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا هێرشەکانی رۆژی سێشەممەی ئەمریکا بۆ سەر 80 ئامانج ببووە هۆی کوژرانی 8 ئەندامی سوپای پاسداران.
قالیباف: هورمز تەنیا بە مەرجەکانی ئێمە دەکرێتەوە
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری تاران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەنگەی هورمز تەنیا لە ژێر "رێوشوێن و مەرجەکانی ئێراندا" دەکرێتەوە و بە تووندی هۆشداریی دایە ئەمریکا: "ئەگەر هێرش بکەن، هێرشتان دەکرێتەوە سەر."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکوەزیرانی قەتەر رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد و جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی رێگای دیپلۆماسی کردەوە بۆ چارەسەری کێشەکان. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی پاکستان داوایان لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن.
گیرخواردنی شەش هەزار دەریاوان لە تەنگەکەدا
سەڵتەنەتی عومان کە هاوسنووری تەنگەی هورمزە، هێرشەکانی سەر کوێت و بەحرێن و کەشتییەکانی سەرکۆنە کرد، بەڵام ئێرانی تۆمەتبار نەکرد. عومان پێشتر پێشنیازی رێڕۆیەکی کاتیی سەلامەتی لە سنووری ئاویی خۆیدا کردبوو، بەڵام ئێران رێگەی بە کەشتییەکان نەداوە بەوێدا تێپەڕ بن بەهۆی ئەوەی دەیەوێت باج بەسەر هاتووچۆیاندا بسەپێنێت.
ئارسێنیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێککەوتی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) رایگەیاند، بەهۆی راگیرانی هاتووچۆ لە تەنگەی هورموزدا، نزیکەی شەش هەزار دەریاوان لە کەشتییە جیاوازەکاندا گیریان خواردووە و بێ دەرچە ماونەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)