رووداو دیجیتاڵ 9 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانییەتی ناتۆ بریاری دامەزراندنی بانکێکی هاوبەش بە مەبەستی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ئاسانتر و کەم تێچوو بۆ وەبەرهێنانە بەرگرییەکانیان دەدەن، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سیستمی دارایی کلاسیکی لە بواری سەربازیدا. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کە دەستپێشخەرییەکەی راگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد، کە هەریەک لەوڵاتانی کەنەدا و تورکیا، ئەلبانیا، بەلجیکا، یۆنان، لاتیڤیا، لۆکسمبۆرگ، رۆمانیا و ئۆکراینا لەو بانکە هاوبەشە بەشدارن. بڕیارە ئەم بانکە بە ناوی "بانکی بەرگری و ئاسایش" بێت و لە کەنەدا دابمەزرێت. پێشبینی دەکرێت ئەم بانکە هاوبەشە تاوەکو 134 ملیار دۆلار بۆ پرۆژە بەرگرییەکان دابین بکات. سەبارەت بەم دەستپێشخەرییە، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەکە کرد و رایگەیاند: "ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتە هۆی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ئاسانتر و کەمتێچوو بۆ وەبەرهێنانە بەرگرییەکان." بەهۆی رێساکانی ژینگە و حوکمڕانی (ESG) لە ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری زۆرجار رووبەڕووی بەربەست دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی قەرز و دارایی لە بانکە بازرگانییە ئاساییەکان. دامەزراندنی بانکێکی تایبەت بە بەرگری و ئاسایش لەلایەن ئەم 9 وڵاتەوە، وەک چارەسەرێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە داراییانە و خێراکردنی پرۆسەی پڕچەککردنەوە.
جیهان09-07-2026ترەمپ بۆ شەرع: کۆنگرێسم لە بڕیاری دەرهێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر ئاگادار کردەوە