رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی فەرەنسا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، رووبەری ئەو دارستان و زەوییانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وڵاتەکە سووتاون، دوو هێندەی هەمان ماوەی پارە.
فەرەنسا لە مانگی ئایارەوە رووبەڕووی سێیەم شەپۆلی گەرما بووەتەوە، رۆژی هەینیش بەشێک لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی تووندی گەرما و لە چەندین ناوچەش ئاگر لە دارستانەکان کەوتەوە؛ زانایان ئەم گۆڕانکارییە تووندانەی کەشوهەوا بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگێڕنەوە کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی.
ژولیان ماریۆن، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی شارستانی لە فەرەنسا گوتی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کەمێک زیاتر لە هەشت هەزار ئاگرکەوتنەوەمان تۆمار کردووە، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 25 هەزار هێکتار زەوی سووتاون." ماریۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رووبەرە بە نزیکەیی دوو هێندەی ساڵی رابردووە لە هەمان رۆژدا تۆمار کرابوو.
ئەنجوومەنی باڵای کەشوهەوا لە فەرەنسا هۆشداری دا لەوەی سیاسەتەکانی وڵاتەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی زەوی "ناپێویست و کەمن".
ڤالێری ماسۆن دێلمۆت، یەکێک لە شارەزایانی ئەنجوومەنەکە گوتی: "ئێمە دەچینە ناو ناوچەیەکی مەترسیدارەوە؛ ژێرخان، پلانی بەکارهێنانی زەوی و سیستەمی ژینگەییمان لەسەر بنەمای کەشوهەوایەک دروست راون کە چیدیکە بوونی نییە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کاتی شەپۆلی گەرمای مانگی حوزەیراندا زیاتر لە دوو هەزار کەس و لە کۆتایی مانگی ئایاریشدا 300 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. حکومەتی فەرەنسا رایگەیاندووە، "سەنتەرەکانی فێنککردنەوە" بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە مەترسییان لەسەرە، وەک بەساڵاچووان و بێلانەکان.
مارینا فێراری، وەزیری وەرزشی فەرەنسا رایگەیاند، لە 19ی حوزەیرانەوە کە شەپۆلی گەرما ئەورووپای گرتووەتەوە، 131 کەس لە فەرەنسا بەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵکێکی زۆر بۆ خۆفێنککردنەوە روویان لە دەریاچە و رووبارەکان کردووە.
ستێفانی ریست، وەزیری تەندروستیی فەرەنساش رایگەیاند، لە کاتی شەپۆلی گەرمای مانگی حوزەیراندا دوو هەزار و 25 حاڵەتی مردنی زیادە تۆمار کراون، کە زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵییەوە بووە.
کەشناسیی فەرەنسا پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما تاوەکو هەفتەی داهاتوو بە بەرزی بمێننەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
