رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشداری دەداتە کۆمپانیای مێتا، خاوەنی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام کە دەبێت گۆڕانکاریی جیدی لە شێوازی دیزاینی "ئالوودەکەرانە"ـی سەکۆکانیدا بکات، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی پێبژاردنێکی قورسی دارایی دەبێتەوە.
رۆژی هەینی 10-07-2026، کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵەدا کە لە ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە، مێتای بە پێشێلکردنی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا تۆمەتبار کرد.
یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، ئەگەر مێتا چاکسازیی پێویست نەکات، بە رێژەی 6٪ـی کۆی داهاتی ساڵانەی لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی پێبژاردن دەبێتەوە، کە بەپێی داهاتی پاری کۆمپانیاکە دەگاتە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار.
شێوازی داڕشتنی کۆمپانیای مێتا
کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێ، تایبەتمەندییەکانی وەک گەڕانی بێ کۆتایی، کارپێکردنی ئۆتۆماتیکیی ڤیدیۆکان، پێشنیازی کەسی و ناردنی ئاگادارکردنەوە بەپەلەکان هانی "بەکارهێنانی ناچاری" دەدەن، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و مێرمنداڵان، بە جۆرێک کە مێشک دەخاتە سەر دۆخی "فڕۆکەوانی ئۆتۆماتیکی" و یارمەتیدەرە لە دروستبوونی خووی ناتەندروست.
هێنا ڤیرکونێن، بەرپرسی تەکنەلۆژیای یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ئەورووپییەکان دەبێت لە کارە لەپێشینەکانی سەکۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بێت."
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، مێتا لە هەڵسەنگاندنی ئەم مەترسییانەدا شکستی هێناوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو کاتە زۆرەی منداڵان لەسەر سەکۆکان بەسەری دەبەن لە شەودا.
کۆمیسیۆنەکە گوتی، رێکخستنی دیاریکردنی کات بۆ منداڵان و سیستمی چاودێریی باوان پێویستیی بە کارایی زیاترە، چونکە خەڵک بە ئاسانی دەتوانن رەتی بکەنەوە.
ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ راپۆرتێکی مانگی رابردووی توێژەرانی زانکۆی نیویۆرک و زانکۆی نۆرس ئیستن کە دەریخستبوو 66٪ـی کەرستەکانی سەلامەتیی گەنجان لە ئینستاگرامدا کارناکەن یان دۆزینەوەیان زۆر قورسە.
وەڵامی مێتا بۆ ئەورووپا
لەلایەکی دیکەوە بێن وۆڵتەرز، گوتەبێژی کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەم ئەنجامی لێکۆڵینەوەیە نین، چونکە بە وردی هەنگاوە گرنگەکانی ئەوان بۆ پاراستنی مێرمنداڵان لەبەرچاو ناگرێ.
وۆڵتەرز گوتی: "لەوکاتەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەستیپێکردووە، ئێمە هەژماری مێرمنداڵانمان لە ساڵی 2024ـدا کارا کردووە کە بە شێوەیەکی خۆکارانە مێرمنداڵان دەپارێزێ و کۆنترۆڵ دەداتە دەست باوان، بە جۆرێک رێگەیان پێدەدات رێگری لە دەستڕاگەیشتن بە ئینستاگرام لە شەودا بکەن و کاتی بەکارهێنانی رۆژانە بۆ تەنیا 15 خولەک سنووردار بکەن."
ئەم بڕیارەی ئەورووپا دوای بڕیاری دوو دەستەی سوێندخواردنی ئەمریکا لەم ساڵدا دێت کە مێتایان بەوە تۆمەتبار کردبوو، بە ئەنقەست مێرمنداڵانی ئالودە کردووە.
لەسەر ئاستی جیهانیش گوشارەکان لە زیادبووندان. فەرەنسا گوشار دەکات سۆشیاڵ میدیا لە منداڵان قەدەخە بکرێ، دوای ئەوەی ئوسترالیا پار بۆ یەکەمجار لە جیهاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە کرد.


