رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی نوێی مووشەکیی رووسیا بۆ سەر پایتەختی وڵاتەکەیان لە رۆژی شەممە، 11 کەس بریندار بوون.
زیلینسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بەهۆی هێرشەکەی شەوی رابردووی رووسیاوە بۆ سەر کیێڤ، 11 کەس بریندار بوون کە منداڵێکیشیان تێدایە."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ بە "زیاتر لە 120 درۆن و 12 مووشەک کە نیوەیان مووشەکی بالیستی بوون" هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و باسی لەوە کرد، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا نەیانتوانیوە هیچ یەکێک لەو مووشەکانە بخەنە خوارەوە.
لە کاژێرەکانی بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا دەنگی دوو زنجیرە تەقینەوە لە کیێڤ بیستران، ئەوەش هاوکات بووە لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی رووسیا. دوای یەکەم تەقینەوە، زەنگی مەترسی بۆ چەند خولەکێک بەردەوام لێدرا.
رووسیا چەکی جیاواز بەکاردەهێنێت
سێرگی ستێرنێنکۆ، راوێژکار لە وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، پێدەچێت رووسیا لەم هێرشەدا مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (S-400)ـی بەکارهێنابێت.
هەرچەندە ئەم مووشەکانە لە بنەڕەتدا بۆ خستنەخوارەوەی ئامانجی ئاسمانی دروستکراون، بەڵام مۆسکۆ پێشتریش وەک مووشەکی بالیستی بۆ لێدانی ئامانجەکانی سەر زەوی بەکاریهێناون. ستێرنێنکۆ روونیکردەوە کە ئاشکراکردنی ئەم مووشەکانە لەلایەن رادارەکانەوە "زۆر قورسترە" و پێیوایە "ئەم هێرشانە هیچ لۆژیکێکی سەربازییان تێدا نییە."
کێشەی کەمیی مووشەکی بەرگری
لە مانگی حوزەیرانەوە، شاری کیێڤ رووبەڕووی هێرشی زۆر چڕ بووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراینا ئێستا مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی پێویستی نییە بۆ ئەوەی هێرشە بالیستییەکانی رووسیا تێکبشكێنێت. پێشتریش لە شەوی 1 لەسەر 2ی تەممووز، بەهۆی بۆردوومانێکی بەرفراوانەوە 30 کەس کوژرابوون.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ئەنقەرە، رێککەوتنێکی سەرەتایی راگەیاند کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لەنێوخۆیدا مووشەکی بەرپەرچدەرەوە بۆ سیستەمی پاتریۆت دروست بکات.


