رووداو - هەولێر بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە یانەیەکی شەوانەی شاری بانگکۆکی پایتەختی تایلاند، لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستدا. بەرپرسان دەڵێن ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراوە. رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 ئانوتین چارنڤیراکوول، سەرۆکوەزیرانی تایلاند لە شوێنی رووداوەکەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک برینداریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە. سەرۆکوەزیرانی تایلاند گوتی، میوزیکژەنێک کە لە یانەکەدا کاری کردووە پێی راگەیاندووە، لە سێرکتێکی کارەبای نزیک شانۆکەوە دووکەڵی بینیوە بەرزبووەتەوە، دواتر کارەبا بڕاوە. میوزیکژەنەکە بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی گوتووە، دواتر دەنگی دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دووکەڵێکی چڕ شوێنەکەی تەنیوە. چارنڤیراکوول گوتیشی، زۆربەی تەرمەکان لە نزیک دەستشۆرەکانی بەشی دواوەی یانەکە دۆزراونەتەوە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵێکی چڕ لە یانەی شەوانەی نالادپراو (Na Ladprao) لە باکووری بانگکۆک بەرز دەبێتەوە و خەڵکێکی زۆر هەڵدێن. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیکەی نیو کاژێریان پێویست بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. وێنەکانی دوای رووداوەکەش مێز و کورسییە سووتاوەکان و زیانەکانی نێو یانەکە پیشان دەدەن. تایلاند پێشتریش کارەساتی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە؛ ساڵی 2022 بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە یانەیەکی میوزیکژەنین لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە 14 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ئاهەنگی سەری ساڵی 2009دا لە یانەی شەوانەی سانتیکا لە پایتەختی وڵاتەکە، ئاگر بەهۆی تەقاندنی یارییە ئاگرینەکانەوە کەوتەوە و بەهۆیەوە 66 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.