رووداو دیجیتاڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، عێراق جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئەوان و هۆشداری دەدات هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لە تەنگەی هورمز، مەترسیی دروستبوونی ململانێی نێوخۆیی لە عێراق دروست دەکات. لە برۆکسل و لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاییندەی ناوچەکە بێ بوونی هێزەکانی ئەمریکا، کایا کالاس باسی لە مەترسییەکانی سەر سەقامگیریی وڵاتەکە کرد. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و تەناهیی یەکێتیی ئەورووپا لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو دەڵێت: "عێراق جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەتایبەتی بە رەچاوکردنی ئەو رووداوانەی لە ئێران و تەنگەی هورمز دەگوزەرێن." کایا کالاس باسی وابەستەیی ئابووریی عێراق بە رێڕەوە ئاوییەکان دەکات و دەڵێت: "دەبێت ئەوە بزانین داهاتی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، پشت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەبەستێت؛ بۆیە ئەگەر نەتوانرێت ئەو خزمەتگوزارییانە دابین بکرێن، مەترسیی دروستبوونی پێکدادان و ململانێی نێوخۆیی دێتە ئاراوە." کالاس هەروەها باسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و عێراقی کرد و دەڵێت: "هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین چی بکەین، چونکە ئەمە جێگەی نیگەرانیی هاوبەشە هەرێمییەکانیشمانە." ئەوە لەکاتێکدایە، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەیلوولی داهاتوو کۆتایی دێت، دیار نییە درێژ دەکرێتەوە یان نا، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە 13-07-2026 دەچێتە واشنتن، ئاسایش و پەیوەندیی هەردوو وڵات پرسێکی سەرەکیی گفتوگۆکانە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا.
جیهان13-07-2026لەسەر بەکۆیلەکردنی کچانی کوردی ئێزدی، ئەڵمانیا سزای تاهەتایی بەسەر پیاوێکی عێراقیدا دەسەپێنێت